یەکەم رەخنە لەلایەن دادوەر. حاکم لەتیف مستەفاوە لە دانانی ئۆمێد خۆشناو وەک پارێزگاری هەولێر دەگیرێت و دەڵێت" لای پارتی مەلیک ماوە".
لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەلآیەتی فەیسبووک بەناونیشانی " لای پارتی مەلیک ماوە" نووسیوویەتی "
پارتی وەک حیزبی یەکەمی دەسەڵاتداری کوردستان ، ئێستاش بە گیانێکی حیزبیانەی وا ھەڵسوکەوت دەکات وا دەزانێ ھەر سەرەتای نەوەدەکان و دوو ھەزارەکانە، نازانێ خەلک زۆر بێزارەو دابەش بوونێکی گەورەی کۆمەلگایی و سیاسی لەکوردستان لە ئەنجامی حوکمڕانی خراپی ئەوان و ھاوبەشەکانیەوە ھەیەو ھەرێم لە لێواری داروخانی ئابوری و سیاسیشە کەچی لە جیاتی ئەوەی ھەست بەدۆخەکە بکات وتۆزێک حیزبایەتی کاڵ بکاتەوە دێت تۆختری دەکات
کادرێکی حیزبی تۆخ وەک بەرێز، ئومێد خۆشناو کاندید دەکات بۆ پۆستی پارێزگاری ھەولێر" .
ئەو دادوەرە کە پێشتیشی ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە دەڵێت " وەک ئاشکرایە ئەو بەرێزە لەسەر ھەڵۆکانی پارتی حیساب دەکرێ و زۆر بەگیانێکی توندی حیزبایەتی مامڵە لەگەڵ رکابەرە سیاسیەکانی لایەنەکانی تردا دەکات" .
لەتیف مستەفا وا تێگەیشستووە " کەسێکی بێلایەنی میانڕەوی پرۆفیشناڵ کە مایەی رەزامەندی و کۆکردنەوەی ھێزە سیاسیەکان و کۆمەڵگای ھەولێر بێت، کاندید بکات بۆ پۆستێکی گرنگی وەک پارێزگاری ھەولێر و بەراستی کاتی ئەوەش ھاتوە، نازانم دوای سی ساڵ لە بەحیزبی کردنی ھەموو کایەکانی کۆمەلگاو ئاسەوارە نێگەتیفەکانی کاتی ئەوە نەھاتوە ئەو نەھجە بەعسیە تۆزێک بگۆڕدری؟".
هەروەها دەشڵێت " یان ئەگەر ھەر سورە لەسەر کاندیر کردنی پارتیەک ھیچ نەبێ با کەسایەتیەکی میانڕەوی وەک خوالێخۆشبوو فرسەت سۆفی کاندید بکردایە ، کەسایەتیەک کە کۆکەرەوە بێت و بەعەقڵی کراوەو بەلۆجیکی پیاوی دەوڵەت مامڵە بکات نەک حیزبی تۆخ و ببێتە ھۆی زیاتر دابەش کردنی کۆمەڵگا".