ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی شاندی باڵای حكومەتی هەرێم لەگەڵ ڕەوتی سەدر ئاشکراکرا

شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ دەستەی سیاسی ڕەوتی سەدر بە سەرۆكایەتی نەسار ئەلڕوبەیعی لە بەغدا كۆبووەوە. 

نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، وەفدی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ دەستەی سیاسی ڕەوتی سەدر بە سەرۆكایەتی نەسار ئەلڕوبەیعی لە بەغدا كۆبووەوە و پێكەوە تاوتوێی دوا پێشهاتی گفتوگۆكانی بودجەی 2021 ی عێراقیان كرد. 

 

ئاماژە بەوەشکراوە" لە كۆبوونەوەكەدا (ئەمڕۆ 3 شوباتی 2021)، جەخت كرایەوە لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەست بە بودجەی 2021 و زاڵ بوون بەسەریاندا لەڕێگەی دیالۆگ و بە گەڕانەوە بۆ یاسا و دەستوور". 

 

ئەوەش هاتووە، وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پابەندیی خۆیان بە چارەسەرە یاسایی و دەستوورییەكان دووپات كردەوە و دیدگای خۆیان لەبارەی پرسەكانی ناو بودجەوە لە كۆبوونەوەكەدا خستەڕوو. 

 

هاوکات لای خۆشییەوە، سەرۆكی دەستەی سیاسی ڕەوتی سەدر، جەختی لە دانانی چارەسەری ستراتیژی و درێژخایەن بۆ كێشەكانی نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم كردەوە، باسی لەوەشكرد سەدرییەكان پشتیوانی لە پاراستنی مافەكانی هەموولا دەكەن لەسەر بنەمای دادگەری.



PM:06:04:03/02/2021