ئەمڕۆ شەممە ٢٠ی شووباتی ٢٠٢١ زیندانیانی دەڤەری بادینان مانگرتنیان ڕاگەیاند.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووە، وەکو کاردانەوەیەک گیراوانی بادینان لەژێر ئەشكەنجەی دەروونی و بەندكردنیان لە شوێنێكی نەشیاو ماوەی دوو ڕۆژە مانیان لە نانخواردن گرتووە.
ڕۆژی ١٦ی شووباتی ٢٠٢١، دادگای تاوانەکانی دووی هه‌ولێر سزای شه‌ش ساڵ زیندانی به‌سه‌ر هەریەک لە (ئه‌یاس ئه‌كره‌م، شێروان شێروانی، شڤان سه‌عید بەڕۆژکی، گوهدار موحەممەد زێباری و هاریوان عیسا) سەپاند، کە ئەوەش ناڕەزایی زۆری لێكەوتۆتەوە و داوا لەدادگای پێداچوونەوە دەكرێت بە بڕیارەكەدا بچێتەوە.
ئێوارەی دوێنێ هەینی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له تویتێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی ڕایگەیاند" داوا له هه‌مو لایه‌ك ده‌كه‌م كه ڕێز له سیسته‌می دادوه‌ریی له هه‌رێمی كوردستان بگرن بۆئه‌وه‌ی بتوانێت به شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و بێ ده‌ستوه‌ردان كاره‌كانی ئه‌نجامبدات".
جێی باسە، شەوی پێنج شەممەی ڕابردوو نێچیراڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی" مافی سزادراوانه تانە لە بڕیاره‌كە بده‌ن، دادگای پێداچوونەوەش ئەرکیەتی بە پشتبەستن و ڕێزگرتن لە یاسا و مافەکانی مرۆڤ و مافی یاسایی‌ی سکاڵالێکراو و سکاڵاکار، بە کەیسه‌كه‌دا بچێتەوە تا هەمووان هەست بکەن وەک یەک مافیان پارێزراوە".