وەزارەتی تەندروستی هەرێم بە فەرمی دابەشکردن و بەکارهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنای پەسەندکرد

وەزارەتی تەندروستی هەرێم بڕیاریدا بە بەکارهێنان و دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا لە هەرێم و کە لەمڕۆوە دەتوانرێت دەست بە بەکارهێنانی بکرێت.

 

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند" بڕیاری بەكارهێنان و دابەشكردنی ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی كۆڕۆنا COVD19 لە هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی تەندروستی، لەگەڵ دەرچوونی بڕوانامەی شیكاری و ڕێگەپێدانی بەكارهێنان و سەلامەتی وەرگرتن دەرچوو". 

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، وەزارەتەكەیان بە فەرمی بڕیاریدا بەدابەشكردن و پێدان و بەكارهێنانی ڤاكسینەكە كە لەلایەن سەنتەرەكانی وەرگرتنی پێكوتە لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان لە ئەمڕۆوە دەتواندرێت بەكاربهێنرێت وەكو قۆناغی یەكەم بۆ كوتانی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی هێڵی پێشەوە لە نەخۆشخانەكان و سەنتەرەكانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بەپێی ڕێنمایی و پلانی نیشتمانی داڕێژراو.

باسی لەوەشکردووە، ڤاكسینی جۆری سینۆفاڕم (Sinopharm)ی چینی كە بەشێوەی بەخشین لەلایەن كۆماری چین بە بڕی پێنج هەزار ژەم بۆ هەرێمی كوردستان دابینكراوە، دەتوانرێت بەكاربهێنرێت بەپێی نووسراوی وەزارەتی تەندروستی پاڵپشت بەپلانی نیشتمانی و ڕێكارەكانی دەستنیشانكراو.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم راشیگەیاندووە" بە دڵنیاییەوە، بەردەوام دەبین لە هەموو هەوڵەکانی دابینکردنی بڕی زیاتری ڤاکسین بە پاڵپشتی و ڕەزامەندی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عیراقی فیدڕاڵ بۆ چین و توێژەکانی تری مەترسی لەسەر لە کۆمەڵگا لەپێناو دوورخستنەوەی ئەم پەتایە لە هەرێمی کوردستان". 



PM:09:15:03/03/2021