کۆمسیۆن: ئاگاداری تۆمارکردنی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی نین

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" ئاگاداری ئەو داوایە نین کە مەسرور بارزانی لەسەر کۆمسیۆنەکەی تۆماریکردووە". 

جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە لێدوانێکدا بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" بە فەرمی هیچ ئاگادارکردنەوەیەک سەبارەت بەوەی کە سەرۆکی حکومەتی هەرێم داوای لەسەرمان کردبێت نەگەشتووەتە دەستمان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئێمە مامەڵە لەگەڵ نووسراوی فەرمی دەکەین". 

ڕاشیگەیاند" کۆمسیۆن ئیش لەسەر ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردن دەکات لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، ئێمە وەک کۆمسیۆن کە وادەی یاساییمان لە ٧ی مانگی حەوت تەواو دەبێت، هەتا وادەی یاسایی خۆمان ئێمە ئامادەین بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم بەپێی مەرسوومی سەرۆکایەتی هەرێم لە ١٠ی مانگی شەش". 

ڕۆژی دووشەممە ٦ی ئایاری ٢٠٢٤ نوسراوێک بڵاوکرایەوە کە گوایە مەسروور بارزانی لە دادگای فیدراڵی سکاڵای لەسەر سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکردووە. 

لە سکاڵاکەدا هاتووە" کۆمسیۆن لە دابەشکردنی هەرێم بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا سەرپێچی یاسا و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی کردووە، چونکە کۆمیسیۆن لە دابەشکردنی ژمارەی کورسی بازنەکان، پشتی بە ژمارەی دەنگدەران بەستووە نەوەک ژمارەی دانیشتووانی ئەو بازنانە، ئەمەش پێچەوانەی دەقی ماددەی ٤٩ی دەستووری عێراقە". 


AM:12:01:07/05/2024