دەقی ڕاگەیەنراوی سەرۆکایەتی هەرێم سەبارەت ناوچە دابڕێنراوەكان

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پاش كۆتایی کۆبونەوەی مەسعود بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە كە تێیدا ئاماژە بەوەدەكات بڕیاردراوە هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌‌ ناوچە دابڕێنراوەكان نه‌كشێته‌وه‌.


دەقی ڕاگەیەنراوەكە

دیداری ڕاوێژكاریی حیزبە كوردستانییەكان بەسەرۆكایەتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی باسی پێشهاتە مەترسیدارەكانی كەوتنی شاری مووسڵ و چەند شار و شارۆچكەی دیكەی پارێزگاكانی سەڵاحەددین و دیالە و كەركووك كرد، ئەوەیش دوای پاشەكشەی سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عێراق لەو ناوچانە و دوای شكستی چارەسەری سیاسییانە لە ئەنبار و فەللوجە.

 دیدارەكە، لە ئاست لێكەوتە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەكانی ئەم ڕەوشە چەقبەستووەدا هەڵوەستەی كرد، هەروەها ئەو هۆكارانەی بوونە بنەما بۆ ئەوەی داعش بتوانێت ناوچەگەلێكی پڕ دانیشتووانی فراوان داگیر بكات و زیانی مرۆیی و ماددی و سەربازییش بە سوپا بگەیەنێت.

لە دیدارەكەدا، تەئكید كرایەوە، پاشەكشەی پڕۆسەی سیاسی و بەتاڵكردنەوەی پڕۆسەكە لە ناوەرۆكە دیموكراسی و نیشتیمانییەكان، ڕۆڵی نەرێنی هەبووە و بووە هۆی داخوران و هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیی هێزە پەیوەندیدار و دامەزرێنەرانی پڕۆسەی سیاسی، هەروەها بووە هۆكاری پەیڕەوكردنی نەهجێكی سیاسی دژ بە دەستوور و تەوافوقەكان و بنەماكانی دەستپێكی پرۆسەی سیاسی، ئەو بنەمایانەی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقیان لەسەر دامەزراوە.

كۆبوونەوەكە جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە سەرلەنوێ متمانە لە نێوان هێزە عێراقییەكان و پێكهاتە نیشتیمانییەكاندا بنیات بنرێتەوە و دەستپێشخەرییەكی نیشتیمانیانەی سیاسی بێتە ئاراوە كە ئیعتیبار بۆ كرۆكی پڕۆسەی سیاسیی بگێڕێتەوە، هەر لە نەهێشتنی سیاسەتی وەلانان و پەراوێزخستن و ئەو ئاراستانەی دەمارگیری و تاییفییەت دەچەسپێنن، هەتا جێهێشتنی دیاردەی تاكڕەویی دەسەڵات و بڵاوكردنەوەی دۆخێك كە خزمەت بە بەرژەوەندییە تاییفییە تەسكەكان دەكات و دەبنە هۆكاری تەنگاوكردنی پێكهاتە هاوبەشەكانی كاری نیشتیمانی.

هەر لەم ڕووەوە، دانیشتنەكە ئەوەی دووپات كردەوە كە چارەسەری سەربازی و ئەمنی بەتەنیا، عێراق ڕووبەڕووی لێكەوتەگەلێكی مەترسیدارتر دەكاتەوە كە هەڕەشە لە سەلامەتی نیشتیمانی دەكەن. بۆیە چارەسەرێكی سیاسی و چاكسازییانەی بنەڕەتیی  گشتگیر پێویستە، كە پشت بە ئیدارەیەكی هاوبەشی تێكڕای قەوارە و هێزەكان و هەموو نیشتیمانپەروەرە عێراقییەكان بەبێ جیاوازی ببەستێت. هەروەها جەختیش كرا لەسەر كاركردن بۆ چاككردنەوەی بارودۆخ و پاككردنەوەی ئەو لێکەوتە سلبیانەی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا كەڵەكەبوون و هەروەها گێڕانەوەی وڵات بۆ سەر ئەو ڕێگەیەی بەرەو بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوە دیموكراتییەكان و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و تۆكمەكردنی پێگەی هاووڵاتیبوون دەچێت، ئەویش دوور لە هەر دیاردەیەكی دەستبەسەراگرتن و پێشێلكردنی دەستوور، هەروەها پتەوكردنی پەیوەندییە برایانەكانی نێوان پێكهاتەكانی گەلی عێراق.

بەشداربووانی دیدارەكە لەسەر ئیدانەكردنی تیرۆر بە هەموو كەرەسە و ناوەكانییەوە، هەروەها لەسەر نەرمینەنواندن و سازشنەكردن لەگەڵ ڕێكخستنە تیرۆریستی و تەكفیرییەكاندا كۆدەنگ بوون.

كۆبوونەوەكە ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگەی لە ڕووبەڕووبوونەوە و سووربوونیان لەسەر داكۆكیكردن لە هاووڵاتیان لە هەموو ناوچەكان كە هاوكاتیشە لەگەڵ پاڵپشتییەكی گەورەی میللی بەرز نرخاند.

دیدارەكە تەئكیدی كردەوە لەسەر ئامادەیی بەردەوام بۆ پێشوازیكردن لە پەنابەران و هاوكاریكردنیان، هەروەها بەشدارانی دیدارەكە بانگەوازێكی بەپەلەیان ئاراستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد تا ئاوڕێك لە ڕەوشی مرۆیی دەیان هەزار پەنابەر بدەنەوە و یارمەتییان بدەن بۆ ئەوەی كەمێك لە ئازارەكانی ئەوان كەم بێتەوە و باری هەرێمی كوردستانیش كەمێك سووك ببێت.

پیرمام

17ـی 6ـی 2014



PM:05:03:17/06/2014