وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەیەنێت" پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان لە هەرێمى کوردستان (حکومى - تایبەت) لەسەرەتاى هەفتەى داهاتو بە پابەندبون بە ساڵنامەى زانکۆیى دەستپێدەکاتەوە".
عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند" رۆژى شەمەى داهاتوو ٢٧ی ئازار پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان دەسپێدەکاتەوە، بەشێوەیەک زانکۆکان پابەند دەبن بە ساڵنامەى زانکۆی-یان کە لە سەرەتاى ساڵی خوێندنى ئەکادیمى داڕێژراوە".
ئەوەشی خستەڕوو، بۆ پاراستنی پرۆسەى خوێندن، وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای جیهانی کۆڤید-١٩ بڕیاری پەیڕەوکردنی سیستمى خوێندنى ئاوێتەى داوە وەک پێویستیەکى سەردەم و هاوشێوەى زۆربەى زانکۆ بەناوبانگەکانى جیهان، ئەم سیستمە سەرکەوتنى بەرچاوى لە ناوەندەکانى خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکان بەدەستهێناوە. لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ دەستپێکردنەوەى پرۆسەى خوێندن لەسەرەتاى هەفتەى داهاتو بە پابەند بون بە ڕێنماییە تەندروستیەکان پرۆسەى خوێندن بە سیستمى ئاوێتە بەردەوام دەبێت.