فراکسیۆنی نەوەی نوێ: کۆتایی بە لێبڕینی مووچە بهێنن و دەست لە کاروباری دادگاکان وەرمەدەن ​

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت" پشتگیری داواکاری دادوەران و تەواوی موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەکەین". 

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، پشتگیری تەواو لە داواکاری دادوەران دەکەن بۆ کۆتاییھێنان بە لێبڕینی نایاسایی موچەی سەرجەم فەرمانبەران و سەربەخۆکردنی دامەزراوەی دەسەڵاتی دادوەری و قەدەغەکردنی دەستوەردانی حزبی لە کاروباری دادگاکان.

لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لەئێستادا حکومەتی ھەرێم داھاتی تەواوی لەبەردەستە بۆ دابەشکردنی موچە بەتەواوی و بەبێ لێبڕین و ئەنجامدانی پرۆژەی خزمەتگوزاری و رەخساندنی ھەلی کار بۆ گەنجان، بۆیە ھەر جۆرە لێبڕینێکی مووچە نایاسایی و نائەخلاقیە و پێویستە کۆتایی پێبھێنرێت.

فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەپێچەوانەوە پشتیوانی لە ھەموو جۆرە ھەڵوێستێکی مەدەنیانەی دادوەران و موچەخۆران دەکەین بۆ وەرگرتنی مافی خۆیان و کۆتاییھێنان بە ستەمی لێبڕینی موچە.


PM:03:20:26/04/2021