تەندروستى کۆیە لەسەر گیان لەدەستدانى مامۆستایەک دواى وەرگرتنى ڤاکسین ڕوونکردنەوە دەدات

تەندروستى کۆیە لەسەر گیان لەدەستدانى مامۆستایەک لەدواى وەرگرتنى ڤاکسین ڕوونکردنەوە دەدات و ڕایدەگەیەنێت" مردنه‌كه‌ی هیچ په‌یوه‌ندی به‌ وه‌رگرتنی ڤاكسینه‌وه‌ نیه‌".

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ته‌ندروستی كۆیه‌ له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا دەڵێت" دوای ئەوەی مامۆستا محەمەد لە کۆیە گیانی لەدەستدا باس لەوەکرا هۆکارەکەی بۆ بەکارهێنانی ڤاکسینی ڤایزەر بووەو بۆ ئەوەش لەلایەن تەندروستی کۆیەوە لیژنەیەک بۆ لێکۆڵێنەوە پێکهێنرا".

ئاماژە بەوەشکراوە، دوای وەرگرتنی زانیاری لە کەس و کاری نەخۆش و لە نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید دەرکەوت گیان لەدەستدانی بەهۆی ئەو نەخۆشیانە بووە کە مامۆستای کۆچکردوو هەیبوو ئەوانیش تەسک بوونەوەی دەمارەکانی دڵی و نەخۆشی شەکرەو بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و پابەندی ڕێنماییەکانی پزیشکیش نەبووە لە بەکارهێنانی چارەسەرەکانی.  

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا تەندروستی کۆیە باسی لەوەشکردووە، بەپێی بەدواداچوونەکان ئەو شەوەی مامۆستاکە کۆچی دوایی کردووە هەناسەى توند بووە، هەموو ئەو هۆکارانەش ئاشکرایدەکەن کە بەهۆی نەخۆشی دڵ و لەکارکەوتنی کۆچیی دوایی کردووە پێی ناچێت بەهۆی لێکەوتەکانی ڤاکسینی ڤایزەر بێت.  


PM:04:07:28/04/2021