وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی رابردوو ئاشکراکرد

وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی هەناردەو داهاتی نەوتی لە مانگی نیسان ئاشكراكرد و ڕایگەیاند، له‌ مانگی‌ رابردودا داهاتی‌ نه‌وت گه‌یشتۆته‌ پێنج ملیارو ٥٢٥ ملیۆن‌ و ٣٣٠ هەزار دۆلار. 

لە بەیاننامەیەکدا کە بڵاوکراوەتەوە، تیایدا وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی ئامارە سەرەتاییەكانی كۆمانیای بەبازاڕكردنی نەوت (سۆمۆ) لەمانگی نیسانی رابردودا بڕی ٨٨ ملیۆن و ٣٩٨ هەزارو ٣١٩ بەرمیل نەوت لەكێڵگە نەوتییەكان هەناردەی دەرەوە کراوە.

سەبارەت بە داهاتى ئەو بڕە نەوتەش، وەزارەتى نەوتى عێراق روونیکردۆتەوە، تێکڕاى نرخى نەوت لە مانگى شوباتدا (٦٢.٥٠٥) دۆلار بووە، بەوپێیەش داهاتى نەوت لەو مانگەدا پێنج ملیار و ٥٢٥ ملیۆن ٣٣٠ هەزار دۆلار بووە.

ئاماژەی بەوەشداوە" ئەو نەوتەی مانگی رابردوو هەناردەكراوە ٨٥ ملیۆن و ٥٣٤ هەزارو ٩١٦ بەرمیلی لەكێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشوری عیراقەوە بووەو دوو ملیۆن و ٨٦٣ هەزارو ٤٠٣ بەرمیلیشی لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوكەوە لەڕێی بەندەری جەیهانی توركیاوە هەناردەكراوە".


PM:02:51:02/05/2021