سلێمانی.. پێشنیارێک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی بەنزین دەخرێتەڕوو

‌سەرەی بەنزین
پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت بۆ رێکخستنی دابەشکردنی بەنزین و رێگری لە سەرپێچی چەند رێوشوێنێکیان گرتووەتە بەر و ھاوکات پشنیارێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین لە ھەرێمی کوردستان دەدات بە لیژنەی سامانە سروشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان.

ئەمڕۆ ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٤, بەھرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی پێشوازیکرد لە چەند ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە لیژنەی سامانە سروشتیەکان،کە بەمەبەستی ئامادەکردنی راپۆرتێک لەسەر کێشەی بەنزین سەردانی پارێزگاریان کردبوو.

پارێزگار لەبارەی کێشەی کەمی سوتەمەنییەوە رایگەیاند  دابینکردنی سوتەمەنی لە دەسەڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتیەکاندا و پارێزگاکان تەنیا دەسەڵاتی دابەشکردنیان ھەیە و پێش ئەم قەیرانە پارێزگای سلێمانی  رۆژانە نزیکەی ٢ ملیون و ٥٠٠ ھەزار لیتر بەنزینی   پێدەگەیشت بەڵام ئێستا ئەو بڕە بۆ ١ملیون و ٢٠٠ ھەزار کەمبووتەوە کە ئەمەش قەیرانی کەمی بەنزینی دروست کردووە.
پارێزگار ئاماژەی بۆ ئەوەکرد بۆ دابەشکردنی ئەو بڕە رێوشوێنی توندیان لە وێسگەکانی دابەشکردنی بەنزین گرتووەتە بەر و لە وێستگەکاندا کامێرای چاودێری و پۆلیس دانراوە بۆ رێگری لە ھەر سەرپێچیەک.

وتیشی : بەھۆی سەرپێچیشەوە چەند بەنزینخانەیەک داخراون و دۆسیەکانیان ئاراستەی داواکاری گشتی کراوە.
پارێزگار ئاشکراشی کرد لەو بڕە بەنزینەی کە بۆ پارێزگای سلێمانی دێت پشکێکی دەدرێت بەھێزەکانی پێشمەرگە, بەڵام بڕیارە لەداھاتوودا وەزارەتی سامانە سروشتیەکان پشکێک لە وەزارەتەوە بۆ پێشمەرگە دابین بکات.

پارێزگار لەبارەی ھێنانی بەنزین بەشێوەی بازرگانی رایگەیاند "لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە رێوشوێنی نوێ دادەنرێت و ھەر بازرگانێک مۆڵەت بۆ ھێنانی بەنزین وەربگرێت دەبێت بەنزینەکە بەپێی کوالێتی بێت و سەرچاوەکەی ئاشکرا بێت و پشکنینی SGS بۆ بکرێت ئەوە کاتە مۆڵەتی پێ دەدرێت، بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی بازرگانی بە بەنزینی ناوخۆ نەکرێت"

پارێزگاری سلێمانی نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی لەماوەی رابردوودا مۆڵەتی دامەزراندنی پاڵاوگەی زیاتر نەدراوەو  رایگەیاند زیاد لە ٥ کۆمپانیای گەورە داوای مۆڵەتی دامەزراندنی پاڵاوگەیان کردووەو ئەوان بەرزیان کردووەتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان.
پارێزگار پێشنیاری بۆ لیژنەی سامانە سروشتیەکان کرد کە ھەوڵ بدەن مۆڵەت بدرێت بە کەرتی تایبەت بۆ دامەزراندنی پاڵاوتگەی سوتەمەنی بەمەرجی پەیڕەوکردنی ستانداردە جیھانییەکان و کوالێتی بەرز لە بەرھەمەکانیدا و چاودێریکردنی لەلایەن وەزارەتی پسپۆڕەوە.

پارێزگار کردنەوەی ژمارەیەکی زۆر پاڵاوتگە و  بەتایبەت لەرێگەی کەرتی تایبەتەوە بە چارەسەری بنەبڕکەری کێشەی کەمی سوتەمەنی لە قەڵەم دا.



PM:02:37:24/06/2014