یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە یادی دامەزراندنیدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوا دەکەن
كۆتایی بە لێبڕینی مووچە بهێنرێت.
مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بەبۆنەی ٥٩ ساڵەی دامەزراندنیەوە لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردوەتەوە" یەكێتی مامۆستایان، بۆ هەر قۆناغێك پڕۆژەو پێشنیارو دیدی زانستیانە و بابەتیانەی خۆی بۆ چارەسەركردنی دۆخەكان هەبووە،چ بۆ بەرەو پێشبردنی پرۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵا چ بۆ پرسەكانی باشكردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان چ بۆ پرسە نیشتیمانی و نەتەوایەتیەكان".
دەشڵێن" پێویستە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆتایی بە لێبڕینی موچە بهێنێت و داواكاری مامۆستایان جێبەجێ بكات".
دەقی بەیاننامەكە:
بەیاننامەی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان
بە بۆنەی (59)ەمین ساڵیادی دامەزراندنییەوە
كوردستانیانی خۆشەویست
مامۆستایانی دڵسۆز
یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە 15/5/1962 لەسەر دەستی كۆمەڵێك مامۆستای دڵسۆز و خۆنەویست و بوێر دامەزراوە، بۆ ئەوەی لە یەك كاتدا بە شێوەیەكی رێكوپێك پرۆسەی پەروەردە و فێركردن بەڕێوەبچێت و بەشداری كاراش لە بزوتنەوەی رزگاری خوازی گەلی كوردستان بكەن، لەو رێككەوتەوە تا ئەمساڵ بە دروست لە 15/5دا 59 ساڵ لە مێژوی پڕ لە خەبات و قوربانیدان تەواو دەكات، چەند گەواهیش هەن ئەو راستییە دەسەلمێنن لەوانە:-
1- بەخشینی گیانی پیرۆزی زیاتر لە (480) سەركردە و كادیرو ئەندامی لێوەشاوەی خۆی بە خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانیمان.
2- بەردەوامیدان بە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن بەبێ موچە بۆ ماوەی (6)مانگ لە دوای راپەڕینی ئاداری ساڵی 1991ی گەلی كوردستان.
3- درێژەدان بە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە ساڵانی 2014-2015-2016-2017 سەرباری دواكەوتن و پێنەدانی موچە و پاشەكەوتكردنی زۆرەملێ.
4- سوربوون لەسەرئەوەی دەبێت پرۆسەی پەروەردە و فێركردن گرفتی تێنەكەوێت لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پێنەدانی موچەی زۆربەی مانگەكانی ساڵی 2020 و لێبڕینی نایاسایی كە تا ئێستاش بەردەوامە.
بەڕێزان خۆشەویستان..
یەكێتی مامۆستایان، بۆ هەر قۆناغێك پڕۆژەو پێشنیارو دیدی زانستیانە و بابەتیانەی خۆی بۆ چارەسەركردنی دۆخەكان هەبووە، چ بۆ بەرە و پێشبردنی پرۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵا چ بۆ پرسەكانی باشكردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان چ بۆ پرسە نیشتیمانی و نەتەوایەتییەكان، لە روانگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی پیشەیی و مێژویی و مرۆڤایەتی و ئەخلاقیانەی خۆی،بۆ ئەو مەبەستە سودی لە رێكارە مەدەنییەكان وەرگرتوە و درێژەشی پێدەدات، پێویستە بوترێت (ی.م.ك) هەر بەوە نەوەستاوە هەوڵی ئەوەشی داوە پەیوەندی لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانیش پەرەپێبدات چونكە بڕوای وایە ئەوە فاكتۆرێكی گرنگ دەبێت بۆ بەرجەستەكردنی داخوازیەكان و ناساندنی كێشە بونیادیەكانی كۆمەڵگەكەمان.
بەڕێزان..
لەم بۆنە گرنگەدا بە ئەركی خۆمان دەزانین، لەسەروبەندی ئەم یادكردنەوە جەخت لەسەر كۆمەڵێك داواكاری بكەینەوە كە پێمان وایە سەر وەختی جێبەجێكردنیان هاتوە:-
1- پاراستنی یەكڕیزی گەلەكەمان، لەوبارەیەوە داوا لە لایەنە سیاسیەكان دەكەین بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردستان لەبەرچاو بگرن، چیتر بەلای بەرژەوەندی حیزبی و لاوەكیدا نەچن.
2- كۆتایی هێنان بە لێبڕینی موچەی نایاسایی.
3- كردنەوەی ژمارەی بانكی بۆ تەواوی مامۆستایان و جێكردنەوەی ئەو موچانەی لە رابردوودا نەدراون هەروەها ئەو پاشەكەوت و لێبڕینە زۆرەملێ و نایاساییانەی كراون لەو ژمارە بانكیە.
4- دەستپێكردنەوەی پلەو موچە بەرزكردنەوە كەلە ساڵی 2015ەوە وەستێنراوە.
5- پەسندكردنی رەشنوسی پارێزبەندی مامۆستایان كە سێ ساڵ زیاترە پێشكەش بە پەرلەمان كراوە.
6- درێژەدان بە یاسای چاكسازی بە مەرجێك دەست بۆ دەرماڵەی مامۆستایان بەگشتی و مامۆستایانی زانكۆ نەبرێت.
7- یەكخستنی یاسای خانەنشینی كە تیایدا دادپەروەری لەبەرچاو بگیرێت لەوانەی كە شایستەی موچەی تەواون لەگەڵ ئەوانەی بەبێ خزمەتی یاسایی خانەنشینی كراون.
8- لەبەرچاوگرتنی خزمەتی مامۆستایانی وانەبێژ كە لە ئێستادا بۆشایی پرۆسەی دانەمەزراندنی مامۆستایانیان پڕكردۆتەوە، بۆ ئەوە پێویستە كرێیەكانیان بە بەردەوامی پێبدرێت هەروەها دامەزراندنیشیان بۆ بكرێت بە گرێبەست یان بە فەرمی.
9- دەستپێكردنەوەی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی نیشتەجێبوون یان دروستكردنی شاری تایبەت بە مامۆستایان لە رێگەی وەبەرهێنان بە نرخێكی گونجاو و قیستی درێژخایەن.
10- بڕیاری دەستپێكردنەوەی دەوام بە گرنگ دەزانین داواكارین وەكو خۆی جێبەجێبكرێت و سەرەتای ساڵی ئایندەش ماوەیەكی گونجاو كە لە مانگێك كەمتر نەبێت، تەرخانبكرێت بۆ پێداچوونەوە بە بابەتەكان لە هەموو قۆناغەكانی خوێندن.
بەڕێزان و خۆشەویستان..
لەم یادە پیرۆزەدا وێڕای پیرۆزبایی گەرممان لە تەواوی مامۆستایانی خۆشەویست هەر لە باخچەی ساوایانەوە تا دەگاتە زانكۆ و پەیمانگەكان، دروود و سڵاویش دەنێرین بۆ روحی پاكی سەركردە دامەزرێنەرەكانی (ی.م) و تەواوی ئەو مامۆستایانەی شەهیدبوون یان كۆچیان كردووە یان ئەوانەی بوونە قوربانی كۆڤید-19، هیوای تەمەن درێژیش بۆ مامۆستایانی خانەنشین دەخوازین، سڵاویش دەنێرێن بۆ قوتابیان و خوێندكارانی خۆشەویستمان ئومێدی ئاساییبونەوەی ئەم رەوشە نالەبارەیان بۆ دەخوازین بۆ بەرجەستەكردنی ئامانجەكانیان.
سەركەوتوبێت خەباتی پەروەردەیی و پیشەییمان
رووە و بەدەست هێنانی ئامانجە نیشتیمانی و نەتەوەییەكانمان
یەكێتی مامۆستایانی كوردستان
مەكتەبی سكرتاریەت