مەسرور بارزانی لەگەڵ وەفدێکی باڵای ئەمەریکا سوورە لەسەر رای خۆی دەربارەی گیراوەکانی بادینان

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەفدێکی باڵای ئەمەریکا کە لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باسی ئازادی رادەبڕین و راگەیاندن لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت کراوە، بەپێی راگەیاندنی ئەو کۆبوونەوەیە مەسرور بارزانی جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە پرسەکە " یاساییە".

بەپێی ئەو راگەیاندنە کە سەرۆکایەتی حکومەت بڵاویکردۆتەوە " لەو کۆبوونەوەیەدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ ی ئایار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە شاندێکی باڵای ئەمەریکی کرد کە پێکهاتبوو لە جۆوی هوود یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک به‌ وه‌كاله‌ت، ئەیمی کەترۆنا نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا بەوەکالەت، زەهرا بێل بەڕێوەبەری کاروباری سوریا و عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا .

بەپێی ئەو راگەیاندنە لە تەوەرێکی دیکەدا " هەردوولا پشتیوانی خۆیان بۆ ئازادی کاری ڕاگەیاندن و ئازادی ڕادەربڕین و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و کاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەربڕی کە سیمایەکی گەشی هەرێمی کوردستان و هەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراتە" .

وەک لە راگەیەندنەکەدا هاتووە " لە سەر کەیسی حوکمدراوانی بادیناندا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە ئەوە بابەتێکی یاساییە و لەو چوارچێوەیەدا هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت . پشتیوانیی و ڕێز و پێزانینی خۆشی بۆ کاری دیپلومات و نێردە دیپلوماسییەکان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی."

لەو راگەیاندنەدا لە زاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتەوە جەخت کراوەتەوە  کە"  ڕەفتارە نا یاساییەکانی حوکمدراوان و خراپ بەکارهێنانی پەیوەندییەکانیان، بە هیچ شێوەیەک گومان لە سەر لایەنە دیپلوماسییەکان دروست ناکات. حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاری دیپلوماتکارانی ناو هەرێمی کوردستان، بەرز دەنرخێنێت و هەموو ئاسانکارییەکی پێویستیان پێشکەش دەکات."

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی عێراق و سوریا و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرا.

شاندی میوان جەختی لە بەردەوامبوونی هاوکاریکردنی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش کردەوە ، هەروەها ئاماژە بە گرنگیی کاراکردنی سەنتەری هەماهەنگیی هاوبەش کرا لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق .

لە تەوەرێکی دیکە دیدارەکەدا ، تیشک خرایە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و گرنگیی پابەندبوون بە یاسای بودجەی فیدراڵی و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکارییەکانی دۆخی سوریا کرا و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردییەکانی سوریا کردەوە لە پێناو برەودان بە ئازادی کاری سیاسیی و فرەلایەنی و هاوبەشیکردن لە دەسەڵاتدا.



PM:10:23:16/05/2021