هەدەپە داوا لە مەسعود بارزانی دەکات کە بانگهشتی لایەنەکان بکات بۆ یەکێتی نەتەوەیی و خۆی ڕابەرایەتی بکات

نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشووری کوردستان داوا لە مەسعود بارزانی دەکات، کە بانگهشتی لایەنەکان بکات بۆ یەکێتی نەتەوەیی کوردستان و خۆی ڕابەرایەتی بکات.

محەمەد شەریف، ئەندامی نوێنەرایەتیی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر ڕایگەیاند" ئەمڕۆ دەوڵەتی تورکیا بە بیانووی پەکەکە هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام ڕاست نییە و ئەو هێرشە بۆ سەر هەموو گەلی کورد و بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستانە، هاوشێوەی عەفرین، سەرێکانی، ئەمڕۆش هێرش دەکەنە سەر هەرێمەکانی زاپ، مەتینا و ئاڤاشین".

ئاماژەی بۆ ئەوەکرد" دەوڵەتی تورکیا هیچ کاتێک نەیویستووە هیچ ستاتۆیە هەبێت بەناوی کوردەوە، بۆنمونە دەڵێن بۆ باشووری کوردستان هەڵەیەکمان کرد و بۆ ڕۆژئاوا دووبارەی ناکەینەوە، دەوڵەتی تورک بەم داگیرکارییانە دەیەوێت خەون و خەیاڵی میساقی میلـلی پێکبهێنێت، هەروەها بە ئاشكرا دەڵێن، کەرکوک – موسڵ هی ئێمەیە، ئەمانەش نوێ نییە و لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانییەوە بەردەوامن، ئامانجیشیان قڕکردنی گەلی کوردە، لە کاتی ڕیفراندۆمیشدا ڕوون بوو، کە دەوڵەتی تورک، ئێران، سوریا و عێراق دژی کورد بوون بەیەک".

هەدەپە لە بەردەوامی پەیامەکەدا، باسی لەوەشکرد، بانگەوازی سەرەکیمان بۆ مەسعود بارزانییە، نەک وەک ئەوەی کە سەرۆکی پەدەکەیە، بەڵکو لەبەرئەوەی کە لە تەمەنێکی بچووکەوە لەناو شۆڕشی کوردستاندایە، ئەمڕۆش بەم تەمەنەی خۆیەوە وەک ڕیش سپییەکی کوردە، لە لایەکی دیکەوە بەهۆی ئاشنابوونی لە جیهانی نێودەوڵەتیدا گەلی کورد دەیانەوێت ڕۆڵی خۆی ببینێت و بانگ لە هەموو پارت و ڕێکخراوە کوردییەکان بکات بۆ یەکڕیزی و یەکێتی نەتەوەیی کورد و خۆشی ڕێبەڕێتی بکات، هەر پارت و لایەنێک بەشداریی نەکات، هەرکەس ببێت دەبێت ڕەخنەی لێبگیرێت، چونکە ئەمڕۆ کاتی ئازادی و کاتی یەکگرتنە و دەبێت خەون و خەیاڵی نزیکەی ٥٠ ملیۆن کەسی کورد بەدی بهێنین.

لە بەردەوامی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، هەدەپە ڕایگەیاندووە" پەیامی دووەمیان بۆ پارت و ڕێکخستن و کەسایەتییەکانە، کە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک وەک خۆی ببینن، چونکە خاک و وڵاتمان داگیردەکرێت و کچان و کوڕانمان شەهید دەکرێن، بۆیە دەبێت ئێمەی کورد بە توندی دژی داگیرکاریی بووەستینەوە و شەرمەزاری بکەین". 


PM:06:01:21/05/2021