د. باخان: بە قاچاغ بۆ هەولێر هەڵهاتووم و هەڕەشەی کوشتنم لەسەرە و ژیانم پارێزراو نیە

دکتۆر باخان ئەو پزیشکەی رەخنەی لە کەرتی تەندروستی هەڵەبجە گرت ئەمڕۆ یەکشەممە شاری سلێمانی بەجێهێشت و بە قاچاغ بۆ شاری هەولێر هەڵهات و دەڵێت" هەڕەشەی کوشتنم لەسەرە و ژیانم پارێزراو نیە".

دکتۆر باخان ئازاد، ئەو پزیشکەی رەخنەی لە کەرتی تەندروستی هەڵەبجە گرت، پاش گەیشتنی بە هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند" بەهۆی ئەوەی بە تەلەفۆن و لە رێگەی دیکەشەوە هەڕەشەی کوشتنم لەسەر بوو و پەیامی هەڕەشەئامێزم بۆ دەهات، کە وەکو زانا حەمەساڵحی قایمقامی پێشووتری سلێمانی لەناوم دەبەن، بۆیە بەناچاری ئەمڕۆ خۆم و بەڵگەنامەکانی گەندەڵییەکانی بەرپرسانی کەرتی تەندروستیی هەڵەبجە بە دوو ئۆتۆمبیلی جیاواز گەیشتینە هەولێر".

وتیشی" ٣٥٠ لاپەرە بەڵگەی گەندەڵیم پێیە و دەیدەمە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دادگاکان، هەروەها کۆپیی دەدەمە کونسوڵخانەکان و نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئەوەی کەیسەکەی من دیزەبەدەرخۆنە نەکرێت".


PM:02:54:06/06/2021