" کۆمپانیاکار‌ی‌و قاچاخچێتی بەرپرسان سەری ئەم میللەتە دەخوات "( ڤیدیۆ )


پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی کوردستان لەسەر گەندەڵی بواری نەوت و داهاتی ناوخۆی دەروازە سنوریەکان، دەڵێت" کۆمپانیاکار‌ی‌و قاچاخچێتی بەرپرسان سەری ئەم میللەتە دەخوات ". 

لەبارەی کەمبوونەوەی داهاتی نەوت و دەروازە سنورییەکانەوە، عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا رایگەیاند" کەمبوونەوەی داهاتی دەروازە سنورییەکان کە خەریکە تەواو دادەڕمێت، هۆکارەکەی بازرگانەکان نین، بەڵکو بەرپرسە کە هەر بەرپرسێک دەیەوێت کۆمپانیایەکی هەبێت لەم دەروازانە".

حەمە ساڵح دەڵێت " داهاتی دەروازە سنورییەکان بەهۆی چەندان کۆمپانیای بەرپرسەکانەوە کە پارە دەكێشنەوە لە خەڵک، ناچار ئێستا ئەو خەڵکەی بازرگانی دەکات دەچن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقەوە بازرگانی دەکەن، لەم چەند مانگەی داهاتوودا بە نموونە داهاتی دەروازەی پەروێزخان ٩٠٪ کەمیکردووە".

زیاتر دەڵێت " ئاگر بارێک لە پەروێزخان بهێنیت پێنج هەزار دۆلاری تێبچێت. ئەوا لە مونزریە کە لەخوار ئەوەوەیە بە دوو هەزار دۆلار دەتوانێت بیهێنێت".

ئەو پەرلەمانتارە باس لەوە دەکات کە لە دەروازە سنورییەکانی هەرێم لە رێگای کۆمپانیای بەرپرسەکانەوە ١٣ جۆر پارە لە بازرگان وەردەگیرێت.
وردەکاری زیاتر دەدات" لە هەموو ئەو دەروازانەی کەوتوونەتە هەردوو ناوچەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی یەوە چەندان کۆمپانیای هاوشێوەی یەک لە هەردوو ناوچەدا هەیە، لەوانە ( کۆمپانیای جیاجیای تەسحیحی گومرگی و دڵنیای و مانیفێست و سکانەر و تەعقیم و پشکنینی خۆراک و کاڵاو نۆژەنکردنەوە و فەحسی بارهەڵگر هەیە کە پارە دەكێشێنەوە لە بازرگانان".

عەلی حەمە ساڵح جگە لەمەش باسی داهاتی نەوت دەکات و دەڵێت " لە ئێستادا هەرێم رۆژانە ٤٦٤ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دە‌هێنێت، لە کاتێکدا یەک بەرمیل نەوتی برنت بە سەرو ٧٠ دۆلارە، هەرێم لە هەر بەرمیلێک تەنها ٥.٢١ دۆلار و نیوی بۆ دەگەرێتەوە.

جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و بڕیارەکانی تایبەت بە دەروازە سنوریەکان کە دوو ساڵە دەرچوون، ئەو پەرلەمانتارە بە چارەسەری دەزانێت بۆ ئەوەی داهاتی ناوخۆ ئیفلاس نەکات و بەتەواوی دانەڕمێت.



PM:02:47:08/06/2021