فراکسیۆنی گۆڕان داوای کۆتایی پێهنان بە لێبڕین و پێدانەوەی پاشەكەوتی مووچە دەکات

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و جەختدەکاتەوە، پێویستە حکومەت نەخشەیەکی هەبێت بۆ کۆتاییهان و قەرەبوکردنەوەی لێبڕین و پێدانەوەی پاشەکەوتی موچەی موچەخۆران.

دەقی راگەیەندراوی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان:

پاش بگرەو بەردەیەكی زۆر، دواجار ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بریاری دا دوای جێبەجێكردنی رێكارەكانی ناو بڕگە و ماددەكانی یاسای  بودجەی ساڵی (2020)ی عێراق، شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بنێێرێت.

ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم مافێكی دەستوری خەڵكی هەرێمی كوردستانە بەرهەمی كاری هاوبەشی تیمی حكومەتە.

هیوادارین حكومەت و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان داتاو زانیاری و وردەكاریەكانی داهاتە نانەوتییەكان لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی عێراق بە خێرایی وردبینی بكات وئەركەكانی خۆی لە بەرامبەردا بۆ بەدەستهێنانی شایستە داراییەكان جێبەجێ بکات.

- ئەم هەنگاوە هاندەر بێت بۆ چاكسازی گشتی كە لە بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دیاریكراوە.

- دەبێت حكومەت نەخشەیەكی هەبێت بۆ كۆتایی پێهنان و قەرەبوكردنەوەی لێبڕین و پێدانەوەی پاشەكەوتی موچە بە موچە خۆران.

- جەخت دەكەینەوە لە ڕوانگەی نیشتیمانیمان بۆ سەرجەم كێشەكانی هەرێمی كوردستان  و چارەسەركردنیان و بە دەستهێنانی دەستەكەوتەكان.

- پێداگری دەكەین لە شایستە داراییەكان و پاراستنی خاكی هەرێمی كوردستان و  هاوبەشی راستەقینە بۆ مافە دەستوریەكانی خەڵكی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراق.

فراكسیۆنی گۆڕان

2021/6/16


PM:05:10:16/06/2021