ئەدهەم بارزانی لەسەر گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

ئەدهەم بارزانى پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە و جەخت دەکاتەوە کە، هەڵویستەکانى نەگۆڕاوە و بەردەوامە لەسەر دژایەتیکردنى داگیرکردنى کوردستان.

ئەدهەم بارزانى سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە شاری سلێمانی و ئامۆزای مەسعود بارزانی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" دوای ئەوەی بە مەبەستی سەفەر و ھەندێک چارەسەری پزیشکی بۆ ماوەیەک لەدەرەوەی کوردستان بووم ئێستا بە لوتفی پەروەردگاری مەزن باشم بەرەو وڵات و خاکی پیرۆزی نیشتمان لە ماوەیەکی کەم دا دەگەڕێمەوە".
 
دەشڵێت" ئەو سەفەرە، لە راگەیاندنی کوردستان و دەرەوەشدا کۆمەڵێک دەنگۆی زۆر و راو بۆچوونی جۆراوجۆر و جیاوازی لێکەوتەوە،  بە ھۆی ھەلوێستەکانم لە مەڕ داگیرکردنی خاکی کوردستانی وڵاتمان، ئێستاش ئێوەی خۆشەویست دڵنیا دەکەمەوە، کە کوردستان وارگەی پیرۆزی منە و تەنانەت مردنیش من و وڵات لەیەک دوور ناخاتەوە".
 
هەروەها لەبەشێکی تری پەیامەکەیدا ئەدهەم بارزانی جەختیشدەکاتەوە، ئەوەی من باسم لێکردووە و ھەلوێست و بۆچونەکانم گۆڕانکارییەکیان بە سەردا نەھاتووە و ئەوەی داکۆکی لێ دەکەمەوە ئەوەیە، کە لای من پرسی پارێزگاری لە نیشتمان و هەڵوێستی دژە داگیرکاری، بڕیاری هەمیشەیین و من بەردەوام لەسەر ئەو هەڵوێستە دەمێنمەوە و هەرگیز لەو هەڵوێستە نشتمانیانە پاشەکشە ناکەم .


PM:02:27:18/06/2021