لە مەریوان کورێکی ١٧ ساڵان باوک و دایک و خوشکی خۆی دەکوژێت

لە مەریوان کوڕێکی تەمەن ١٧ ساڵان بەهۆی ناکۆکی خێزانی باوک، دایک و خوشکی خۆی دەکوژێت، ودواتر دەستگیر دەکرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە لە مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوڕێکی تەمەن ١٧ ساڵان، باوک، دایک و خوشكی خۆی کوشتووە، کوڕەکە دوای گەڕانەوە لە قوتابخانە تەقەی لە دایک و باوک و خوشکەکەی کردووە.

لەمبارەیەوە عەلی ئازادی، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای سنە رایگەیاندووە"  بکوژی سێ ئەندامی خێزانێکیان لە مەریوان دەستبەسەرکردووە کە کوڕی ماڵەکەیە و لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بەوە داناوە بەهۆی کێشە و ناکۆکیی خێزانی، باوک، دایک و خوشکەکەی کوشتووە".
 
بە وتەی فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای سنە، لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا، بکوژ دوو جۆر چەکی پێبووە.

محەممەد نەزەریی ٤٣ ساڵان و هاوژینەکەی بێگەرد ساڵحیی ٣٨ ساڵان و مەهنا نەزەری کە تەمەنی ١٢ ساڵ بوو، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە لە گەڕەکی نۆبەهاری مەریوان کوژران. 
 
 



AM:12:02:09/05/2024