ئه‌ندامێكى لێژنه‌ى پێوه‌رى زیره‌ك له وه‌زاره‌تى كاره‌باى حكوومه‌تى هه‌رێم، له‌باره‌ى كرێى كاره‌باى نیشتمانى و پێوه‌رى زیره‌ك ڕوونکردنەوە ده‌دات و دەڵێت" لە مانگى رابردودا (٢٠٥) هەزار ماڵ بە پێوەرى زیرەک پسوڵەى کارەبایان بۆ گەڕاوەتەوە".
عه‌لى ئیسماعیل، ئه‌ندامى لێژنه‌ى پێوه‌رى زیره‌ك لە وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند" تەنیا قەرزەکانی کەڵەکەبوو و زیاتر لە پێویست بەکارهێنانی كارەبا دەبێتە بەرزبوونەوەی نرخەکەی".
دەشڵێت" زۆربەی ئەو هاووڵاتییانەی دەڵێن پارەی زۆریان بۆ هاتووه‌تەوە، قەرزی كۆنیان لەسەرە و هەندێکیان نزیكەی ساڵێكە پارەی کارەبایان نەداوە، بەدواداچوونی زۆرمان بۆ ئەو دەنگۆ و ناڕەزایەتییانە كرد كە گوایە پارەی هەندێك هاوبەش زۆر هاتووه‌تەوە، لە ئەنجامدا دەركەوت کە پێوەرە زیرەكەكە بە دروستی پارەی كارەباكەی خوێندووەتەوە".
ئه‌ندامه‌كه‌ى لێژنه‌ى پێوه‌رى زیره‌كی کارەبا ئەوەشی خستەڕوو، لە مانگی ڕابردوودا ٢٥٠ هەزار ماڵ بە پێوەری زیرەك پسوولەی كارەبایان بۆ گەڕاوەتەوە و لەم مانگەشدا ٤٠٠ هەزار ماڵ پسوولەی كارەبایان پێ دەدرێت، هه‌روه‌ها ئەو هاوبەشانەی سەرپێچییان لە پێوەرە كۆنەكە، یان لە ڕاكێشانی كارەبا كردووە، بەپێی ئەم پێوەرە نوێیە كۆتایی بەم سەرپێچییانە هاتووە، ئەمەش دادپەروەری لە پێدانی كارەبا بە هاوبەشان مسۆگەر دەکات.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش داوه، وردە وردە پارەی مۆلیدە كەم دەبێتەوە، بەهۆیەوە ئەم بارگرانییە زۆرە لەسەر شانی هاووڵاتییانیش كەم دەبێتەوە.
عه‌لى ئیسماعیل ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەموو جیهان پڕۆژەی پێوەری زیرەک بە درێژایی حه‌وت تا هه‌شت ساڵ جێبه‌جێ ده‌كرێت، بەڵام ئێمە لە ماوەی یه‌ك تا دوو ساڵ ئەم پڕۆژەیە به خێراییه‌كى زۆر پێوانه‌یى جێبەجێی دەکەین.