لە بەرازیل سوپەر کلاسیکۆی نێوان مێسی و نەیمار ئەنجام دەدرێت


بۆ یەکلایکردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە، بەرەبەیانی یەک شەممە کاتژمێری ٣ لە یاریگەی ماراکانا لە شاری ریۆ دی جانیرۆی بەرازیل، یاری کێبەرکاری بۆ سەندنی پاڵەوانێتی سوپەر کلاسیکۆ لە نێوان بەرازیل و ئەرجەنتین ئەنجام دەدرێت.

لەبەر بڵاوبوونەوەی زۆری کۆرۆنا لەو وڵاتە، بڕیاردراوە رێگە بە ئامادەبوونی ١٠٪ ی هاندەران لە یارییەکەدا بدرێت، بە جۆرێک ٦٥٠٠ هاندەر لە یاریگەدا ئامادەدەبن، ٢٢٠٠ هاندەری ئەرجەنتینی، ٣٢٠٠ هاندەری بەرازیل و ١١٠٠ کەسیش وەک میوانداری کراون.

هەریەک لە ئەرجەنتین و بەرازیل لە کۆپا ئەمریکای ئەمساڵدا هیچ یارییەکیان نەدۆڕاندووە، بەرازیل پاڵەوانی کۆپا ئەمریکای رابردووە و دەیەوێت نازناوەکە بپارێزێت و بۆ جاری شەشەم لەنێو خاکی خۆیدا و دەیەمجار لە مێژوودا نازناوەکە بباتەوە، لە بەرامبەر ئەرجەنتین لە ١٩٩٣ەوە هیچ نازناوێکی کۆپا ئەمریکای نەبردووەتەوە و ئەمە هەلێکی دیکەیە بۆ کردنەوەی ئەو گرێیەیەی ٢٨ ساڵ ئەستێرەکانی تانگۆ نەیانکردووەتەوە.

لە مێژووی کۆپا ئەمریکادا هەڵبژاردەی ئەرجەنتین باڵادەستیی بەسەر بەرازیلدا زیاترە، لەکاتێکدا ٣٣ یارییان بەرامبەر یەکدی ئەنجامداوە، تانگۆ ١٥ یاریی بردووەتەوە، ٨ یارییان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە و ١٠ یاری لە بەرژەوەندی بەرازیل کۆتاییهاتووە.

مێسی لە کۆپا ئەمریکای ئەمساڵدا بە تۆمارکردنی ٤ گۆڵ و ٥ ئاسیست یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی پاڵەوانێتییەکەیە. نەیمار لە پاڵەوانێتییەکەدا ٢ گۆڵی تۆمارکردووە و خاوەنی ٣ ئاسیستە.

یاریگەی ماراکانا یەکێک لە گەورەترین و سەرنجڕاکێشترین یاریگەکانی تۆپی پێیە لەسەر ئاستی جیهان، ئەمە یەکەم یاریی کۆپا ئەمریکای ئەمساڵ دەبێت لەو یاریگەیەدا بەڕێوەدەچێت.



PM:06:42:10/07/2021