وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم بڕیارێکی لە بەرژەوەندی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەرکرد

وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵای هه‌رێم ئاشكرایكرد‌، لەمڕۆوە پرۆسەى گواستنەوە و دابەزینی خوێندکاران بۆ ساڵی نوێى خوێندن بەشێوازى ئۆنلاین دەستپێدەکات.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند" بەمەبەستى ئاسنکارى بۆ خوێندکاران و قوتابیان و لە درێژەى هەوڵەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ بە ئەلیکترۆنى کردنى دامەزراوە زانستى و ئەکادیمیەکانى هەرێمى کوردستان، ماوەى دو ساڵە لەلایەن فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و ناوەندنى وەرگرتن و بەهاوکارى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى، پرۆسەى گواستنەوەو دابەزینى خوێندکاران لەنێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بە شێوازى ئۆنلاین و لە ڕێگەى پلاتفۆڕمى تایبەت بە گواستنەوەو دابەزین ئەنجام دەدرێت". 

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ساڵى خوێندنى (2021-2022) بە هەمان شێوەو بە ئامانجى پێشکەشکردنى باشترین خزمەتگوزارى بە خوێندکاران و قوتابیان بۆ ئەوەى لە کاتى پرۆسەى گواستنەوەو دابەزین سەردانى وەزارەت و زانکۆکان نەکەن بەتایبەت بۆ ئەوانەى لە دەرەوەى شارەکان و پارێزگاکانى ترى هەرێمى کوردستانن، وەزارەت لەڕێگەى لینکى (registrationspu.com/student) پرۆسەى گواستنەوەو دابەزین بەشێوازى ئۆنڵاین بەپێى مەرج و ڕێنماییەکان دەخاتە بەردەستى خوێندکاران، پرۆسەکەش لە 11ی تەمموز تاوەکو 2ی ئەیلول بەردەوام دەبێت.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا باسی لەوەشکرد، مەبەستێکى دیکەى وەزارەت لە پرۆسەى بە ئۆنڵاینکردنى پرۆسەى گواستنەوەو دابەزاندنى خوێندکاران، بریتییە لە پاراستنى سەلامەتى گیانى خوێندکاران و قوتابیان بە تایبەت لەسەردەمى بڵاوبونەوەى پەتاى کۆرۆناو مەترسیەکانى ئەم پەتایە لەسەر ناوەندەکانى خوێندنى هەرێمى کوردستان.

ئەو خوێندکارانەی داواکاری گواستنەوە پێشکەش دەکەن دەبێت ئەم مەرجانەی تێدابێت:

1- قوتابی/ خوێندكار دەرچو بێت لە خولی یەكەمدا بە پلەی باشە یان سەروتر و دانیشتوی هەمان پارێزگا یان نزیک ئەو شارە بێت كە گواستنەوەی بۆ دەكرێت.

2- قوتابی/ خوێندكار ئەگەر دایكی یان باوكی كۆچی دوایی كرد بێت لە ساڵانى خوێندنى زانکۆ، بە بەڵگەی فەرمی بیسەلمێنێت کە وەفاتنامە (بیان الوفاە) و (صورە القید) و دانیشتوی هەمان پارێزگا یان نزیک ئەو شارە بێت كە گواستنەوەی بۆ دەكرێت ، ئەگەر کۆچ کردنەکە لە ساڵانی خوێندن نەبو، ئەوا گواستنەوەکە بە سیستەمی (پارالێل) بەڕێژەى سەدا پەنجاى کرێى خوێندن دەبێت. 

3- ئەگەر قوتابی/ خوێندكار هاوسەرگیری ببەستێت لە ساڵانى خوێندنى زانکۆ دەبێت بە بەڵگەی فەرمی بیسەلمێنێت لە گرێبەستی هاوسەرگیری ، وێنەى ڕەسەنى تۆمارى باری شارستانی (صورە القید)ی ڕەسەن و بە فەرمی تۆمار كردنی لە لیستی باری شارستانی و دڵنیایی دەرچون (صحە الصدور) بۆ بەڵگەنامەكان بكرێت، بە هەمان شێوە بۆ ئافرەت ڕەچاوی جیابونەوەی خێزانی (طلاق) بكرێت و لە كاتی دەركەوتنی هەر ساختەكاریيەک لە بەڵگەنامەكان لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵ بکرێت، ئەگەر هاوسەرگیری کردنەکە لە ساڵانی خوێندن نەبو، ئەوا گواستنەوەکە بە سیستەمی (پارالێل) بەڕێژەى سەدا پەنجاى کرێى خوێندن دەبێت.

4- هەر قوتابى/ خوێندكارێک (تەنها بۆ ڕەگەزی مێینە) لە ساڵانى خوێندنى زانکۆ منداڵی ببێت و بە بەڵگەی فەرمی بیسەلمێنێت ئەگەر منداڵ بونەکە لە ساڵانی خوێندن نەبو، ئەوا گواستنەوەکە بە سیستەمی (پارالێل) بەڕێژەى سەدا پەنجاى کرێى خوێندن دەبێت.

5- منداڵی (كوڕ و كچ)ى شەهیدو ئەنفالكراوەكان مافی گواستنەوەیان هەیە لە نێوان زانكۆ بۆ هەمان كۆلێژ/ پەیمانگەو بەشی کە لێى وەرگیراون و بە نوسراوی پشتگیرى وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان  و بە واژوی بەڕێز وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان یاخود بەڕێوبەری گشتی دەبێت.

6- قوتابی/ خوێندكاری (كوڕ و کچ)ی مامۆستایانى زانكۆ لە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەرو دكتۆرا لە (مامۆستای یاریدەدەر ، مامۆستا ، پرۆفیسۆری یاریدەدەر ، پرۆفیسۆر) مافی گواستنەوەیان هەیە ئەگەر دەرچوبن، هەروەها (كوڕ و كچ) ى فەرمانبەرانی زانكۆکان و دەزگاکانى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا ، بە مەرجێک ساڵانى خزمەتى لە (15) ساڵ کەمتر نەبێت.

7- گواستنەوە بۆ کۆلێژى پزیشکى کە سیستەمی ئینتیگرەیشن پەیڕەو دەکات ناکرێت، چونکە قوتابی دادەبەزێنرێتە قۆناغی یەکەم و ئەمەش وا دەکات پلانی ڕێژەی قوتابیانی قۆناغی یەکەم زیاد بکات.

8- قوتابی/ خوێندكار لە خوێندنی بەیانیان مافی گواستنەوەی هەیە بۆ خوێندنی ئێواران بە مەرجێک لە هەمان پسپۆری خۆیدا بێت، دوای لاری نەبونی هەردولا بە ڕەچاوكردنی توانای بەشەكە لەگەڵ كۆنمرەكەی و پێدانى کرێى خوێندن.
9- (قوتابیان/ خوێندكاران)ى كۆلێژە (ئەهلییەكان) بە هیچ شێوەیەک مافی گواستنەوە یان میوانداریان نییە بۆ زانكۆ و كۆلێژە (حكومییەكان).

10- گواستنەوەی قوتابیان/ خوێندكاران لە بەشەكانی ئێواران بۆ بەشەكانی هاوشێوەی بەیانیان ناكرێت لە بەر جیاوازى کۆنمرەى پێشبڕکێ. 

11- هەمو گواستنەوەیەكی قوتابیان/ خوێندكاران لە نێوان كۆلێژ و فاکەڵتى و پەیمانگەكان بە ڕێگای كۆلێژ و فاکەڵتى و پەیمانگەكان و سەرۆكایەتی زانكۆكان دەبێت (بە پێى ڕیزبەندی و پەیوەندی).

12- بەرابەركردن و مەقاسەكردنی وانەكان لە لایەن بەشی زانستی داواكراودا ئەنجام دەدرێت لەگەڵ ناردنی لیستی ئەو وانانەی كە خوێندویەتی لەگەڵ یەكەكان لە ساڵانە و وەرزییەكاندا بە شێوەیەک (ئەگەر وانەی داواكراو زیاتر لە دو وانەی ساڵانە یان چوار وانەی وەرزی بو دەبێ‌ قۆناغێک داببەزێندرێت) و لە كاتی پێشبڕكێ‌ لە سەر گواستنەوەكان لە یەک پرۆسەدا ڕەچاوی كۆنمرەی قۆناغەكەیان دەكرێت و هەمو فەرمانی گواستنەوەی قوتابیان/ خوێندكاران بە واژوی سەرۆكی زانكۆکان دەبێت بە پێى پەیوەندی گواستنەوەكە.

13- بۆ زانکۆکان هەیە سەیری داوای گواستنەوەی هەندێ لە قوتابیان/ خوێندکاران بکات بۆ گشت قۆناغەکانی خوێندن (جگە لە قۆناغی یەکەم) بۆ هەمان بەش بۆ شوێنی نیشتەجێبونیان بە هۆی ئەو نەخۆشییانەى کە زۆر سەخت و قورس و بەردەوام  و درێژخایەن و ترسناک و چارەسەریان زەحمەتە.


AM:11:03:12/07/2021