لە هەرێمی کوردستان پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی بەرزدەبێتەوە

وەزارەتى کارەبای هەرێم ئاشکرای دەکات، رۆژی 15 تەمموز یەکەیەکی دیکەی بەرهەهێنانی کارەبا بەکار دەخرێت، بەوەش کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتیمانی بۆ 16 کاتژمێر کارەبا لە رۆژێکدا بەرزدەبێتەوە.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا کە دەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە" بڕیارە لە ڕۆژی 15ی تەموز یەکەیەکی دیکەى کارەبا بەکار بخرێت، بەوەش بەرەوە پێدانی 16 کاتژمێر کارەبا لە ڕۆژێکدا هەنگاو دەنێن". 

باسى لەوەشکردووە، تا ڕۆژی 2021/6/15 ڕۆژانە 18 کاتژمێر کارەبا بە هاووڵاتیان دەدرا. لەم ڕۆژەدا، 5 یەکەی کۆمپانیای ماس بەهۆی چاککردنەوە و دواکەوتنی شایستە داراییەکانیان لەکار کەوتن، کە لە یەک کاتدا 600 مێگاوات کارەبا کەم بووەوە.  

ڕاشیگەیاندووە" هەروەها لە رۆژی 26 حوزەیران، وێستگەی خورمەلەی کۆمپانیای کار بە توانایی بەرهەمهێنانی 400 مێگاوات کارەبا بە هۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە کار کەوت، کە کەمبوونەوەی کارەبا گەیشتە 1000 مێگاوات. بەڵام لە ماوەی سێ رۆژدا 400 مێگاواتەکەی گەرێندایەوە". 

وەزارەتى کارەبا لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا دەشڵێت"  رۆژی 26 حوزەیران لەگەڵ سەرۆک وەزیران گرفتی کۆمپانیای ماس چارەسەر کرا و مانگانە 40 ملیۆن دۆلار بۆی تەرخانکرا. لە هەمان رۆژدا، دوو یەکەی کۆمپانیاکە بەگەڕ خران و 200 مێگاوات کارەبا زیاد بوو". 


AM:11:52:14/07/2021