مستەفا کازمی دەستگیرکردنی بکوژانی هیشام هاشمیی ڕاگەیاند

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی ١٦ی تەمووز سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تویتێکدا دەستگیرکردنی بکوژانی هیشام هاشمیی ڕاگەیاند.

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تویتێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند" گفتی خۆمان بردەسەر و بكوژانی هیشام هاشمی ـ مان دەستگیركرد، پێشتریش گروپەكانی مەرگ و بكوژانی ئەحمەد عەبدولسەمەدمان ڕووبەڕووی دادگا كردەوە و سەدان تاوانبارمان دەستگیركرد".  

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕەخنەگرتن مافی هەمووانە، بەڵام ئێمە بۆ ڕیكلام و موزایەدە كارناكەین، بەپێی توانا ماف دەچەسپێنین و خزمەت دەكەین.

هیشام هاشمی، چاودێری سیاسی و ئەمنی دیاری عێراق شەوی ٦ی تەمموزی ٢٠٢٠ دەستڕێژی گولەی لێکرا و لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لەناوچەی زیونەی رۆژهەڵاتی بەغدا کوژرا، ئەو روداوەش کاردانەوەی سەرکردەکانی عێراق و ناوەندە زانستی و رۆژنامەنوانییەکانی لێکەوتوەتەوە و ئیدانەی ئەو رەفتارەیان کرد. 


PM:05:36:16/07/2021