دژە تیرۆری کوردستان ( سلێمانی ) روونکردنەوەیەکی بۆ ڕایگشتی بڵاوکردەوە


دژەتیرۆری کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا رایدەگەیەنێت" هەندێ کەسی نابەرپرس لەدەرەوەی ویستی ئێمە و بەخواستی چەند کەسێکی یاساشکێن و دوور لە دەسەڵاتی ئێمە، ناو و ناوبانگی ئەم دەزگایەی بەکارھێناوە بۆ کاری نایاسایی و دەستدرێژیکردن بۆ سەر بەرژەوەندیی گشتی".

بەڕێوبەرایەتی دژەتیرۆری کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی تۆمەتبارکردنی بە ئەنجامدانی کاری نایاسایی و قاچاخچێتی و سەرانەوەرگرتن و داگیرکردنی زەوی و موڵکی گشتی بڵاوکردەوە و دەڵێت" لای ھەمووان روونە بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر ھێزێکی تایبەت و مەشق پێکراو بە دسپلینی سەربازیی نیشتیمانییە، رۆڵی گرنگ و کاریگەری بینیوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و سەرکەوتن بە سەر تیرۆرستانی داعش و بەرقەرارکردنی ئارامی و ئاسایش لە ھەرێمی کوردستان، بەداخەوە لە چەند رۆژی ڕابردوو ، چەندین پەیج و ئەکاونتی سێبەر و بێخاوەن و بەکرێگیراو ،  ھێرشی ناڕەواو بێبنەما دەکەنە سەر ھێزەکەمان و بە ئەجێنداو مەرامی تایبەتی بوختانمان بۆ ھەڵدەبەستن".

ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە لێرەدا بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی رووندەکەینەوە، ھێزی دژەتیرۆر دوور و نزیک پەیوەندیی بە ھیچ کارێکی نایاسایی و قاچاخچێتی و سەرانەوەرگرتن و داگیرکردنی زەوی و موڵکی گشتییەوە نییە و نەبووە، بەڵکو راستییەکە ئەوەیە ھەندێک کەسی نابەرپرس لە دەرەوەی ویستی ئێمە و بە خواستی چەند کەسێکی یاساشکێن و دوور لە دەسەڵاتی ئێمە ناو ناوبانگی ئەم دەزگایەی بەکارھێناوە بۆ کاری نایاسایی و دەست درێژکردن بۆ سەر بەرژەوەندیی گشتی کە بەڕەسمی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی دژەتیرۆر نەبوون، چەند کەسێکیش کە تێوەگلابوون بەم کارە نایاساییانە بە رەسمی دەرکراون و رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە و چیتر رێگەش نادرێت کەسانێکی بەرژەوەندی خواست بۆ مەرامی تایبەتی دەست لەکاروباری دژەتیرۆرەوە وەربدات. 

لە ڕوونکردنەوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، بۆ ھەموولایەکی ڕووندەکەینەوە دژەتیرۆر وەک ھەمیشە لە سەنگەری خەڵک، سەروەری یاسا، ئارامی و ئاسایش و پاراستنی سەروماڵی خەڵک و شکۆی ھەرێمی کوردستان دەبێت، ئەرکی سەرەکیمان رووبەڕووبوونەوەی ھەر پیلانێکە کە بیەوێت ئارامی لە خەڵک تێکبدات ئاشکراشیدەکەین ھێزی دژەتیرۆر ھێزی خەڵک و ھەموو رەنگ و بۆچوونە جیاوازەکانە و بەگڕوتینێکی نوێ و بە بەھێزترەوە لە رابردوو، پشتیوان بەخوای گەورەو بە ھاوکاری ھەمووان و ھێزی پێشمەرگەو ھێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ لە ئەرکداین بۆ پاراستنی کوردستانەکەمان و سەقامگیری زیاتری ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەی یاساشکێنان و ھەڵھاتوان لە یاسا. 


PM:03:03:23/07/2021