دەزگای ئاسایشی هەرێمی راگەیاندنێک لەسەر چالاکیەکەی ئاسایشی سلێمانی و هەڵەبجە بڵاودەکاتەوە

دەزگای ئاسایشی هەرێمی ئاشکرای دەکەن کە ئاسایشی سلێمانی دوو سەرکردەی داعش و چەند ئەندامێکی ئەو رێکخراوەیان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەستگیرکردووە.

لە راگەیاندێکی دەزگای ئاسایشی هەرێمدا هاتووە " ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بەھاوکاری بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور دوو سەرکردەی داعش و تاقمێکی تیرۆریستی لە پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە دەستگیردەکەن کە وەک شانەی نەنستو لەسنوری ھەرێم خۆیان حەشاردابوو کە لە ھەوڵی خۆڕێکخستندابوون بۆ تێکدانی ئارامی ھەرێم و ژیانی خەڵک و جێبەجێکردنی مەرام و پیلانەکانی داعش" .

هەروەها دەزگاکە ئەوەشی خستۆتە ڕوو " لەسەر بنەمای زانیاری ھەواڵگری و بەدواداچوون سەرەداودەست کەوت لەسەر بوونی تاقمێکی نەنستوی داعش کە پیلانیان داناوە خۆیان رێکبخەن و ئامادەبکرێن بۆ چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە .  راستەخۆ بەبڕیارو سەرپەرشتی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ، ئاسایشی سلێمانی لێکۆڵینەوەی دەستپێکردو دوای یەک مانگ بەدواداچوونی  ورد و دەستخستنی زانیاری و بەڵگە و دیاریکردنی شوێن و مانەوەی  تیرۆریستان و چاودێریکردنیان پاش  رەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی بەبڕیاری سەرۆکی دەزگا". 

لە راگەیاندنەکەدا هاتووە " شەوی ( ٢٧/٢٨) ٧ / ٢٠٢١ جوڵە بەھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی شارەزوور کراو لە پارێزگای ھەڵەبجە لە چوار ئۆپراسیۆنی گەورەو  و ھەڵمەتی ھاوکاتدا ھەر چوار تیرۆریست ( ع ، ح ) و ( ل ، ج ) و ( ز ، ح ) و ( ع ، ح ، ع ) دەستگیرکران کە دوانیان سەرکردەی داعش بوون و بەشداری و سەرپەرشتی چەندین تاوانیان کردووە" .

لە بارەی چالاکییەکی ترەوە دەزگای ئاسایشی سلێمانی یەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێت کە لەلایەکی ترەوە لەئۆپراسیۆنێکی تردا لە سلێمانی  ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی تیرۆریست ( س .ع ) دەستگیرکرد. لەبارەی ئەم کەیسە ئەمنییەوە لێکۆڵینەوەی ورد دەستیپێکردوەو دەرکەوت تیرۆریستە دەستگیراوەکان بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواکراو بوون و چەکداری داعش بوون لەویلایەتی باشوور و بەشداربوونە لەچەندین   تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی و لەچەند شارێکی عێراق و ھەرێم خۆیان رێکخستووەو مەرامیان بووە چەندین کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن" .

دەزگای ئاسایش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە لەبەر سەلامەتی رێڕەوی لێکۆڵینەوە زانیارییەکان ھێڵرانەوەو لەداھاتوودا لەو بارەیەوە وردەکاری زیاتر بۆ رایگشتی دەخەینەڕوو .




PM:08:39:28/07/2021