کارەباى سلێمانى لە ئاگادارییەکدا هۆشداری دەداتە ئەو شوێنانەی کە بە سەرپێچی کارەبایان راکێشاوە و دەڵێت" ئەوە کۆتا ئاگادارکردنەوەیە".
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەباى پارێزگای سلێمانى لە هۆشدارییەکدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئاگادارى ئەو شوێنانە دەکەینەوە کە کارەبایان راکێشاوە و بەفەرمى هاوبەشییان نەکردووە و پێوەرى زیرەکى کارەبایان بۆ بەستراوە، پێشتریش مانگێک مۆڵەتیان پێدرا تا بەفەرمى هاوبەشى بکەن، بۆ کۆتاجار تا 15ی ئابی 2021 مۆڵەتیان پێدەدرێت کە سەردانى بەڕێوەبەرایەتییەکانى دابەشکردنى کارەبا بکەن و بەفەرمى هاوبەشى بکەن بەپێچەوانەوە لە رێگەى سیستمى پێوەرى زیرەک کارەباکەیان دەبڕدرێت و دەکوژێنرێتەوە.
لە ئاگادارییەکەدا باس لەوەشکراوە، ئەو شوێنانەش دەگرێتەوە کە بەنایاسایی کارەبایان راکێشاوە و کارەبایان هەیە و پێوەری کارەبایان نییە و پێوەرى زیرەکیشیان هەیە.