جێگری سەرۆکی هەرێم پرۆسەی چاكسازیی لەگەڵ ژمارەیەك فەرماندەی هێزی پێشمەرگە تاوتوێكرد

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت" هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی هێزێکی یەکگرتوو و نیشتیمانیی دوور لە هەژموونی حزب خێراتر بکرێن لەپێناو ئارامی و ئاسایش و سەقامگیریی زیاتر بۆ ناوچەکە".
 
لە ڕاگەیەنراوێکدا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" ئەمڕۆ پێنجشەممە شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی یەکەی (70) و بەرپرسی لیوا و میحوەرەکانی یەک و دوو و سێ و چوار و بەرپرسی هێزی پشتیوانيی دوو، بە ئامادەبوونی هێزی هاوپەیمانان و ڕاوێژکارانيان، تاوتوێی هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی کرد".   

ئاماژە بەوەشکراوە، جێگری سەرۆکی هەرێم دوایین پێشهاتەکانی سەبارەت بە چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی یاسا سەربازییەکاندا بە هەنگاوێکی باش لێکدایەوە و هەموو ئەو هەنگاوانەی به‌رز نرخاند كه‌ له‌مباره‌يه‌وه‌ نراون، هەروەها سوپاسی هاوپەیمانانی کرد بۆ ڕۆڵی بەرچاو و کاریگەرییان هەوڵی بەردەواميان بۆ بە دامەزراوەییکردن و بەرەوپێشچوونی ئەم پرۆسەیە و هاریکاری و مەشق و ڕاهێنانەکانیانی بە پێشمەرگە بە شێوەیەکی ئەکادیمی بە گرنگ و پێویست زانی. 

ئەوەش هاتووە" لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکی هەرێم هيواى خواست هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی هێزێکی یەکگرتوو و نیشتیمانيی دوور لە هەژموونی حزب خێراتر بکرێن لەپێناو ئارامی و ئاسایش و سەقامگیريی زیاتر بۆ ناوچەکە، چونکە بەردەوام تیرۆریستانی داعش لە جموجۆڵ و خۆڕێکخستنەوەدان و بوونەتە مایەی هەڕەشە و تێکدانی ئارامی لە ناوچەکەدا".  


PM:08:02:05/08/2021