وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم وەڵامی ئەندامێکی دەستەی گشتی رەوتی حیکمە دەداتەوە

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی لێدوانێکی رەحیم عەبودی، ئەندامی دەستەی گشتی رەوتی حیکمەی نیشتمانی دەداتەوە و دەڵێت" پێشمەرگە بەپێی یاسا و دەستوری عێراقی و لە چوارچێوەی سیستەمی بەرگری عێراقدا کار دەکات و بەردەوامیش دەبێت". 

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" لەدیمانەیەکی تەلەفزیۆنی کەناڵی inewsدا، کەسێک بەناوی رەحیم عەبودی، ئەندام لە رەوتی حیکمە سوکایەتی بەناوی پێشمەرگە دەکات، ئەو کەسە بەو دەربڕینە شۆڤێنیانەی دەیسەلمێنێت، کە یەکێکە لەوانەی مەبەستیان نییە عیراق ئارام بێت و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بەیەکەوە بژین و هێزە ئەمنیە جۆراوجۆرەکانی عیراق پاریزگاریان لێبکەن".

ئاماژە بەوەشکراوە، بەتوندی ئیدانەی ئەو قسانەو تەواوی ئەو دید و بۆچوونانە دەکەین، کە لە چوارچێوەی شۆڤێنیەت و خۆفەرزکردندا دەیانەوێت رای گشتی بوروژێنن، راشیدەگەیەنین، کە هێزی پێشمەرگە بەپێی یاساو دەستووری عیراقی و لەچوارچێوەی سیستەمی بەرگریی عیراقدا کار دەکات و بەردەوامیش دەبێت. 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، هەموو لایەکیش لەوە تێدەگەن، کە ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەبوایە، ئاسایش و ئارامی بەشێکی زۆری ناوچەکان تائێستاش لەمەترسی زیاتردا دەبوون، ئەم لێدوانەو لێدوانی هاوشێوە بەهیچ شێوەیەک خزمەت بەگەلی عیراق و پاراستنی یەکریزی ناکات، وەزارەتی پێشمەرگە، بەئەرکی خۆی دەزانێت رێکاری یاسایی لەدژی ناوبراو بگرێتەبە. 


PM:02:03:06/08/2021