فەرمانبەرانی گرێبەست هەڕەشەی بایکۆتکردنی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق دەکەن

فەرمانبەرانی گرێبەست لەبارەی پرۆسەی ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن"  ئەگەر لەپێش وادەی دەنگدان سەقفێکی زەمەنی بۆ بەھەمیشەی کردنی ئێمەی فەرمانبەران دیاری نەکەن ئەوا بەھەموو توانامانەوە بایکۆتی ئەو پرۆسەیە دەکەین". 

لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە" ئێمە وەک فەرمانبەرانی گرێبەست لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە ژمارەمان نزیک بە ٢٤ ھەزار فەرمانبەرە، ماوەی ساڵانێکی زۆرە بەشێوەی گرێبەست بەبێ ھیچ ماف و ئیمتیازێک بە شاھیدی سەرجەم ئەو وەزارەت و دەست و فەرمانگانەی کاری تێدا دەکەین  ئەرکێکی زۆر قورس بەمووچەیەکی زۆرکەم ئەنجام دەدەین، کە بڕەکەی لە نێوان (٣٠٠-٥٠٠) ھەزار دیناری مانگانەدایە". 

لەبەشیکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" لەئێستادا لەسەرو بەندی پرۆسەی ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقین، نیازی بەشداری و دەنگدانی ئەو پرۆسەیەمان نیە و بەھەموو جۆرێک بایکۆت و رەتی دەکەینەوە، ئەگەر لەپێش وادەی دەنگدان و ھەڵبژاردن سەقفێکی زەمەنی بۆ بەھەمیشەی کردنی ئێمەی (فەرمانبەرانی گرێبەست )دیاری نەکەن ئەوا بەھەموو توانامانەوە بایکۆتی ئەو پرۆسەیە دەکەین کە زەرەرمەندی یەکەم تێیدا ئێوە دەبن وە بە پێچەوانەوە بەھەموو توانامان کار دەکەین بۆ سەرخستن و دەرچونی کاندیدەکانتان لەسەرجەم بازنەکان لە ھەرێمی کوردستان". 

دەقی ڕاگەیەنراوەكەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان لەسەر پرۆسەی ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق:

بەرێزان حکوومەت و حیزب و لایەنە سیاسیەکان

-ئێمە وەک فەرمانبەرانی گرێبەست لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە ژمارەمان نزیک بە ٢٤ ھەزار فەرمانبەرە، ماوەی ساڵانێکی زۆرە بەشێوەی گرێبەست بەبێ ھیچ ماف و ئیمتیازێک بە شاھیدی سەرجەم ئەو وەزارەت و دەست و فەرمانگانەی کاری تێدا دەکەین  ئەرکێکی زۆر قورس بەمووچەیەکی زۆرکەم ئەنجام دەدەین، کە بڕەکەی لە نێوان (٣٠٠-٥٠٠) ھەزار دیناری مانگانەدایە. 

ئەمە لە کاتێکدا دەبوو پاش سێ ساڵ لە خزمەتکردن بەپێی رێنمای دارای ژمارە (٣٩-٤٣)ی ساڵی (٢٠١٣) ھەموو فەرمانبەرێکی گرێبەست بکرێتە ھەمیشەی، لەکاتێکدا ئێمە ماوەی ساڵانی خزمەتمان لە نێوان (٤-١٦)ساڵدایە و ھێشتا لە چاوەروانی ھاتنەدی خەونی بەھەمیشەی بوونماندا ین، کە پێویستیەکی زۆری نێو فەرمانگەکانین ھەر بەپێی لێدوانی بەرێوەبەری فەرمانگەی خانەنشینی ھەرێم لە ماوەی ساڵانی 2014 تا 2020 نزیک بە ٤٣ ھەزار فەرمانبەری ھەمیشەی خانەنیشن بوون و کۆتای بە راژەکانیان ھاتوە و جێگەکانیا پڕ نەکراوەتەوە، هەروەها بەپێی راپۆرتی بەرێوەبەرایەتی گشتی بوودجە بەژمارە (٤٣١٠)ی ساڵی (٢٠١٩) بەھەمیشەی کردنی فەرمانبەرانی گرێبەست ھیچ بارگرانیەکی دارایی دروست ناکات بەڵکو مانگانە بری زیاتر لە (٢) ملیار دینار دەگەرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی. 

بەرێزان ئێمە لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک خاوەنی گروپ ئەکاوەنتێکین بەناوی (فەرمانبەرانی گرێبەست لە کوردستان ) کە ژمارەی فەرمانبەرانی بەشدار تێیدا زیاترە لە ١٠ ھەزار فەرمانبەر ھەرلە زاخۆوە تا خانەقین، لێرەوە بەپێویستی دەزانین بە ئێوەی بەرێزان رابگەیەنین کە ئێمە ئێستا لەسەرو بەندی پرۆسەی ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقین، نیازی بەشداری و دەنگانی ئەو پرۆسەیەمان نیە و بەھەموو جۆرێک بایکۆت و رەتی دەکەینەوە، ئەگەر لەپێش وادەی دەنگدان و ھەڵبژاردن سەقفێکی زەمەنی بۆ بەھەمیشەی کردنی ئێمەی (فەرمانبەرانی گرێبەست )دیاری نەکەن ئەوا بەھەموو توانامانەوە بایکۆتی ئەو پرۆسەیە دەکەین کە زەرەرمەندی یەکەم تێیدا ئێوە دەبن وە بە پێچەوانەوە بەھەموو توانامان کار دەکەین بۆ سەرخستن و دەرچونی کاندیدەکانتان لەسەرجەم بازنەکان لە ھەرێمی کوردستان.

دەستەی نوێنەرایەتی فەرمانبەرانی گرێبەست
٢٠٢١/٧/٦


PM:04:21:06/08/2021