دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران ئاگاداری ئەو کەسانە دەکاتەوە کە گەشتی وڵاتی ئێران دەکەن

دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران ڕایدەگەیەنێت" ئەو هاوڵاتییانەی دەیانەوێت لە رێگای دەروازەکەوە گەشتی ئێران بکەن دەبێت بڕوانامەی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنایان پێبێت". 

راگەیاندن و پەیوەندییەكانی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاگاداری هاووڵاتیان و گەشتیارانی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە، ئەوانەی كە بە نیازن لەڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە گەشت و سەردانی كۆماری ئیسلامی ئێران بكەن، لە ڕۆژی چوارشەممەوە ڕێكەوتی (١١/٨/٢٠٢١ ) پێویستە بڕوانامەی پشكنینی كۆرۆنا ئەنجامی نێگەتیڤ ( PCR ) لە یەكێك لە تاقیگەكانی باوەڕپێكراوی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵیاندابێت.

ڕوونیشیکردەوە، هەر هاووڵاتییەك یان گەشتیارێك بڕوانامەی پشكنینی كۆرۆنای لەگەڵدا نەبێت لەلایەن سەركۆنسولگەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر ڤیزا پێیان نادرێت و دەوڵەتی ئێران ڕێگایان پێنادات سەردانی ئێران بكەن و دەگەڕێنرێنەوە. 

ئاماژەی بەوەشداوە، تا هاووڵاتیانی خۆشەویست تووشی گرفت و زەحمەتی ڕێگا نەبن، داوا لە هەموو گەشتیارە بەڕێزەكان دەكەین بە بێ هەبوونی بڕوانامەی پشكنینی كۆرۆنا بە مەبەستی چوون بۆ وڵاتی ئێران سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران نەكەن چونكە ڕێگایان پێنادرێت. 


PM:11:27:09/08/2021