وەزارەتی كارەبای هەرێم لەبارەی قەرزەكانی سەر هاوڵاتییان روونكردنەوە دەدات

وەزیری كارەبای هەرێم لەبارەی قەرزەكانی سەر هاوڵاتییان ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت" بە پێی یاسا و رێنمایی، هەر هاوبەشێکی کارەبا ئەگەر دووجار بە سەر یەکەوە کرێی کارەبا نەدات، کارەباکە دەبڕێت، بەڵام ئێمە دۆخی هاووڵاتیانمان لە بەرچاو گرتووە و کارەبای کەسمان نەبڕیوە، ئێستا قەرزی هاوبەشانی کارەبا دەکەینە 12 قیست".
 
کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاندووە" بە درێژایی تەمەنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە دەیەی 1980 لە عێراق، پرۆژەی دێرەلۆک بە یەکەم پرۆژەی کارۆئاوی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەژمێردرێت،پرۆژەکە بە دوو یەکەی بەرهەمهێنان، 38 مێگاوات کارەبا بەرهەم دێنێت و لەسەر قەرزی رێکخراوی جایکای ژاپۆنی بە تێچوونی 129 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت و تا کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبێت".
 
لەبارەی دۆخی کارەباوە ئاماژەی بەوەداوە، چەند رۆژێکە رەوشی کارەبا باشتر بووە، ئەوەش پەیوەندی بە گەڕانەوەی دوو یەکەی کۆمپانیای ماس هەیە کە لە رۆژی 15 ی حوزەیران، پێنج یەکەی کۆمپانیاکە بەهۆی چاکسازی لە کار کەوتن و دواتر بە بڕیاری سەرۆکی حکومەت 40 ملیۆن دۆلار وەک حەقدەست بۆی تەرخان کرا. 
 
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە شەش مانگی کۆتایی 2019، شەش مانگی یەکەمی کابینەی نۆیەم 6 هەزار سەرپێچی لابراون، لە ساڵی 2020 گەیشتە 10 هەزار سەرپێچی و لە ماوەی 7 مانگی ئەمساڵیش 5 هەزار سەرپێچی لابراون، کە دەکاتە 21 هەزار سەرپێچی. 
 
وەزیری كارەبای هەرێم ڕاشیگەیاندووە" بۆ نە‌هێشتنی سەرپێچییەکان و پێدانی کارەبا لە رێگەی پێوەری زیرەکەوە بە هەندێ شوێنی وەک (بازرگانی، ماڵ و پێشەسازی) لیژنەیەک بە ئەندامەتی هەر چوار وەزارەتی ( کارەبا، داد، شارەوانی و گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو) پێکهات، پێدانی کارەبا بەم شوێنانە بەم مانایە نییە کە رەواتی بدات بەوەی کە بە یاسایی دروست کراون، بەلکو تەنیا بۆ خەملاندنی کارەباکەی بووە".
 
لەبارەی قەرزی کرێی کارەبای سەر هاوڵاتییانەوە، وەزیری كارەبا ڕایدەگەیەنێت" بە پێی یاسا و رێنمایی، هەر هاوبەشێکی کارەبا ئەگەر دوو جار بە سەر یەکەوە کرێی کارەبا نەدات، کارەباکە دەبرێت، بەڵام ئێمە دۆخی هاووڵاتیانمان لە بەرچاو گرتووە و کارەبای کەسمان نەبڕیوە، لە ماوەی نۆ مانگدا، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لە %15ی لێخۆشبوون بۆ قەرزی کرێی کارەبا هەبوو،ئێستا قەرزی هاوبەشانی کارەبا دەکەینە 12 قیست، کە دەتوانن مانگانە لەگەڵ کرێی کارەباکەیان بدەن".
 
ئاشكراشیكردووە، تا ئێستا 800 هەزار پێوەری زیرەک لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بەستراون،بەر لە پرۆژەی پێوەری زیرەک بە فیڕۆچوونی کارەبا لە%44 بوو، ئێستا بۆ %36 نزم بووەتەوە،لە %12 بە فیڕۆچوونی کارەبا بابەتێکی تەکنیکییە و لە تەواوی جیهاندا هەیە، بە هۆی پێوەری زیرەکەوە، لە 7 مانگی 2021 لە بەروارد لەگەڵ 7 مانگی 2019، بە رێژەی 3.12 کاتژمێر کارەبامان زیاتر داوە.
 
كەمال محمد وەزیری كارەبا باس لە سوودەکانی دیکەی پێوەری زیرەک دەكات و دەڵێت" بۆ خوێندنەوەی پێوەر ناچینە ناو ماڵان، زێدەڕوویی کەم بووەتەوە، پاراستنی تۆڕەکانی کارەبا باشتر بووە و سووتانی گۆڕەر چارەسەر بووە، سنوودارکردنی بڕی پێدانی کارەبا بۆ 49 ئەمپێر، ئەگەر هاوبەشانی کارەبا رازی بن لە زستان و هاویندا ئەم بڕە کەمتر بکرێت، دەتوانین کارەبای زیاتر بدەین، هەروەها نەهێشتنی سەرپێچییەکان ئاسانتر بووە و پێویستی بە چوونی لیژنەکانی سەرپێچی نییە، کە هەندێجار کێشە لێ دەکەوتەوە".


PM:01:01:10/08/2021