هەڤاڵ ئەبوبەکر سەرەخۆشی لە کۆنە پارێزگارێکی بەعسی سەردەمی سەدام دەکات

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری ئێستای شاری سلێمانی لە پرسەنامەیەکدا سەرەخۆشی لە خانەوادەی (ئەرشەد زێباری) کۆنە پارێزگاری سەردەمی سەدام حسێن دەکات. 

ئەمڕۆ دووشەممە، ١٦ی ئاب، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی پرسەنامەیەک ئاڕاستەی بنەماڵەی ئەرشەد ئەحمەد ئاغای زێباری کرد و دەڵێت" ‎پرسە و پەژارە و ماتەمینی خۆمان بۆ کۆچی بەڕێز ئەرشەد زێباریی، پارێزگاری سلێمانی لە نێوان ساڵانی ۱۹۷۷_۱۹۸٠و کەسایەتیی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئیداریی و سەربازیی کوردستان و عیراق؛ دەردەبڕین". 

ئەرشەد محەمەد زێباری ساڵی ١٩٤٢ لە دایکبووە، لە ساڵی ١٩٦٤ کۆلێژی سەربازی تەواوکردووە، وەک فەرماندەیەکی سەربازی بەشداری شەڕی دژ بە ئێران و کوردی کردووە، ئەرشەد ئەحمەد ئاغا زێباری سەرۆک عەشیرەتی زێباری کە ١٩٧٧ – ١٩٨٠ ی سەردەمی رژێمی سەدامدا پارێزگاری سلێمانی بووە. 

١٩٨٠ تا ٢٠٠٣ وەزیری دەوڵەت بووە لە بەغداد، لە ٢٠٠٣ پارتی ئازادی و دادپەروەریی دامەزراندووەو، ماوەیەکش موستەشاری فەوجە سووکەکانی بەعس بووە لە کوردستان، لەهەمان كات پلەی راویژكاری سەدام حسین بوو بۆ كاروباری كورد بە پلەی وەزیر.

ناکۆکیەکی مێژووییان لەگەڵ بنەماڵەی بارزانیدا هەیە، هەربۆیە لە سلێمانی ژیاوە.


PM:03:57:16/08/2021