پلاسخارت: پێویستە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە عێراق ئەنجامبدرێت

نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق رایدەگەیەنێت، ملیۆنان دۆلار هاوکارى عێراقمان کردووە بۆ سەرخستنى هەڵبژاردن، جەختیش دەکاتەوە" پێویستە هەوڵەکانمان یەکبخەین هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە عێراق ئەنجامبدرێت". 

جنین بلاسخارت، نێردەى تایبەتى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە میانەى بەشداریکردنى لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتووەکان وتارێکى لەبارەى دۆخى عێراق و ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە، پێشکەش کرد و ڕایگەیاند" بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنەکان ملیۆنان دۆلارمان هاوکاری عێراق کردوە، بەڵام عێراقییەکان یەکگرتوو نین لە هەڵوێستیان بۆ هەڵبژاردن".

وتیشی" هەندێک لایەن دەیانەوێت هەڵبژاردن لەعێراق شکستبهێنێت، بەڵام ئەوە سیاسەتێکی خراپە".

جەختیشیکردەوە، داوای دواخستنی هەڵبژاردنمان نەکردوە و هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاواز دەبێت.

بلاسخارت لە بەشێکی تری پێشکەشکردنی وتارەکەیدا ڕوونیشتکردەوە، پێویستە هانى خەڵک و لایەنە سیاسیەکان بدرێت بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەى هەڵبژاردن و بەشداریکردنى رێژەى زۆرى هاووڵاتیان لە پرۆسەکەدا زۆر گرنگە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد" دەبێت هەوڵەکانمان یەکبخەین هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەعێراق ئەنجامبدرێت". 


PM:09:13:25/08/2021