بڕی هەناردە و داهاتی نەوت لە مانگی رابردوو زیادیکردووە

وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ بڕی هەناردە و داهاتی نەوتی لە مانگی ئاب ئاشكراكرد و ڕایگەیاند" داهاتى نەوتى هەناردەکراو زیاتر لە شەش ملیار دۆلار بووە". 

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان لەمانگی رابردودا بڕی ٩٤ ملیۆن و ٦٦٠ هەزارو ٢٣٩ بەرمیل نەوت لەكێڵگە نەوتییەكان هەناردەكراوە.

سەبارەت بە داهاتى ئەو بڕە نەوتەش، وەزارەتى نەوتى عێراق روونیکردۆتەوە، تێکڕاى نرخى نەوت لە مانگى ئابدا (٦٩) دۆلار بووە، بەوپێیەش داهاتى نەوت لەو مانگەدا شەش ملیار و ٥٣٣ ملیۆن ١٤٢ هەزار دۆلار بووە.

ئاماژەی بەوەشداوە" ئەو نەوتەی مانگی رابردوو هەناردەكراوە ٩٠ ملیۆن و ٤٦٧ هەزارو ٧٩٤ بەرمیلى لە کێڵگە نەوتییەکانى ناوەڕاست و باشورى عێراق بووە، تێکڕاى هەناردەى ڕۆژانەش سێ ملیۆن و ٥٤ هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، هاوکات نرخى هەر بەرمیلێک نەوتیش بە (٧١.٥٧٨) دۆلار خەمڵێنراوە". 


PM:02:22:01/09/2021