داهاتی نەوتی مانگی عێراق ٦ ملیارو نیو دۆلار بووە


وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی نەوتی فرۆشراو و داهاتی نەوتی لە مانگی ئابدا بڵاوکردەوە کە هەناردەی رۆژانە بۆ ٣ ملیۆن و ٥٤ هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە و، هەر بەرمیلێکی نەوتیش لەو مانگە بە ٦٩ دۆلار فرۆشراوەو، داهاتەکەشی ٦ ملیار و نیو دۆلار بووە.
 
وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاماری هەناردە و داهاتی نەوتی مانگی ئابی بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ئامارەکان هەناردەی نەوت بە راورد بە مانگی تەمووز ١٥٤ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیادی کردووە. 
 
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند بە تێكڕا لە مانگی ئاب ٩٤ ملیۆن و ٦٦٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، کە رۆژانە دەکاتە ٣ ملیۆن و ٥٤ هەزار بەرمیل. لەو بڕە ٢ ملیۆن و ٩٥٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە رێگەی بەندەرەکانی بەسرە هەناردە کراوە. 
 
عێراق دووەم گەورەترین هەناردەکاری نەوتی نێو رێکخراوی ئۆپێکە و زیاتر لە ٩٣٪ی داهاتەکەی لە رێگەی فرۆشتنی نەوت بەدەستدێنێت


PM:11:09:01/09/2021