تا ئێستا لیژنەی دانوستانکاری لایەنەکان لەگەڵ بەغدا یەک کۆبوونەوەی کردووە

‌لیژنەی دانوستان لەگەڵ بەغدا
لیژنەی دانوستانکاری لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کە بەسەرپەرشتی بارزانی دامەزرا تەنها یەکجار کۆبوونەتەوەو ئەمەش بۆتە دەرفەت کە لایەنەکان بەتایبەتی "ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کەی بیانەوێت کۆبوونەوە لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەت لەبەغدا لەگەڵ لیستە جیاجیاکانی عێراقدا بکەن".
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند کە دوای کۆبوونەوەی ١٧ی حوزەیران لەنێوان نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و بەسەرپەرشتی بارزانی و پێکهێنانی لیژنەی دانوستانکار لەگەڵ بەغدا وا بڕیاربوو لەداهاتوویەکی نزیکدا کۆبوونەوە بکرێت بۆ داڕشتنی بەرنامەیەک بۆ لیژنەکە، بەڵام لەو دەمەوە هیچ کۆبوونەوەیەک نەکراوە، بەپێی سەرچاوەکەی سپی "ئەمەش زەمینەی رەخساندووە بۆ لایەنەکان بەتایبەتی یەکێتی کە چەندین کۆبوونەوە لەسەر پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێ لەگەڵ بەرپرسە عێراقییەکان بکەن لەدەرەوەی ئەو لیژنەیە".
سەرچاوەکەی سپی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە کاری تاک لایەنەی لایەنەکان گەیشتۆتە ئاستێک کە نەک ئەندامانی لیژنەی دانوستان، بەڵکو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی لایەنێک ماف بەخۆی دەدات لەگەڵ جەعفەری و مالکی کۆدەبنەوە بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ( کۆدەنگی لایەنە کوردستانییەکان). 




PM:12:08:04/07/2014