سەرۆکی هەرێم لەگەڵ شاندى پارتى گەلى کۆماریى تورکیا کۆبوەوە

ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکى پارتى گەلى کۆماریى تورکیا لە هەولێر کۆبوەوە و لە کۆبونەوەکەدا جەختى لە گرنگیی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و بیروبۆچوونی هاوبەش و دۆزینەوەی رێگەچارەی کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە لەسەر بنەمای یەکدی قبووڵکردن کردەوە. 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ دوشەممە نێچیرڤان بارزانى پێشوازى لە شاندێکى پارتى گەلى کۆماریى تورکیا CHP بە سەرۆکایەتیى ئۆغوز کائان سالیجى، جێگرى سەرۆکى پارتەکە کرد، لە دیدارەکەدا شاندەکە باسى لە ئامانجى سەردانەکەى بۆ هەرێمى کوردستان کرد و جەختى لەوەکردەوە کە چارەسەرکردنى کێشە و ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە، بە دیالۆگ و لێکگەیشتنى نێوان گەلان و پێکهاتەکان دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش پارەتەکەیان جێبەجێکردنى ڕوانگەیەکى دورمەوداى لەسەر ئەو بنەمایە دەستپێکردوە و هیواى خواست پەیوەندیى باش و لەسەر بنەماى بەرژەوەندیى گەلانى ناوچەکە لەگەڵ هەرێمى کوردستان و پێکهاتەکانى بنیات بنێن و پێکەوە کار بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و ئارامى و سەقامگیرى لە ناوچەکەدا بکەن، هەر لەمبارەیەوە ئاماژەى بە گرنگیى ڕۆڵ و پێگەى هەرێمى کوردستان کرد.

لاى خۆیەوە نێچیرڤان بارزانى جەختى لە گرنگیى دیالۆگ و لێکگەیشتن و بیروبۆچونى هاوبەش و دۆزینەوەى ڕێگەچارەى کێشە و ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە لەسەر بنەماى یەکترقبوڵکردن و نەهێشتنى ئینکار کردەوە و ئەم سەردانەی وەک سیاسەتێکى تازەى CHP لە قەڵەمدا.

ئەوەش خراوەتەڕوو، دۆخى گشتى و هەڵبژاردانەکانى داهاتوى عیراق، مەترسییەکانى داعش و پێشبینییەکان بۆ داهاتوى ناوچەکە، چەند تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوون. 


PM:03:16:06/09/2021