وەزارەتى ناوخۆى هەرێم لەبارەى ماتۆڕسکیلە بێسەرەتا و قاچاغەکان چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

وەزارەتى ناوخۆى حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەى ماتۆڕسکیلە بێسەرەتا و قاچاغەکان ژمارەیەک بڕیاری نوێی دەرکرد و دەڵێت" ئەو ماتۆڕسکیلانەی بە شێوازی فەرمی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هاوردەکراون تۆمار دەکرێن".

لە نوسراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە واژۆی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی لەسەرە تیایدا هاتووە، لەبەرئەوەی زۆربەی ماتۆڕسكیلەكان لە هەرێمی كوردستان بێسەرەتان و بە شێوازی قاچاخ و پارچە یەدەگ داخڵی هەرێمی كوردستان كراون و دواتر پارچەكان بەیەكەوە بەستراون ئەوەش بۆتەهۆی چەندین رووداوی هاتووچۆ و گەیاندنی زیانی ماددی و گیانی بە هاووڵاتیان و بە مەبەستی نەهێشتنی ئەم دیاردەیە و هاندانی خاوەنی ماتۆڕسكیلەكان بۆ تۆماركردنی ئەو ماتۆڕسكیلانەی كە بە فەرمی و بەپێی رێنمایی ژمارە 7ی ساڵی 2021 هاوردەكراون بڕیاردرا بە:

1. تۆماركردنی ئەو ماتۆڕسكیلانەی كە لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق هاوردەكراون بەپێی رێنمایی ژمارە 7ی ساڵی 2021.

2. بەخشینی ئەو ماتۆڕسكیلانەی كە تۆماردەكرێن لە گشت رسوماتی تۆماركردنی (ژینگە و رێگەوبان) و رسوماتی تابلۆ.

3. ئەگەر ماتۆڕسكیلەكان لە دەروازە سنوورییەكانی عێراق هاوردەكرا بێت، پێویستە لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆ نووسراو بكرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی گومرگی تایبەتمەند لە هەرێمی كوردستان بە مەبەستی پەسەندكردنی ئەو مەنەفستانەی كە ماتۆڕسكیلەكەی پێ هاوردە كراوە.

4. ماتۆڕسكیلی هاوردەكراو لە دەروازە سنوورییەكانی عێراق بەدەر دەكرێن لە گرێبەستی ئەلیكترۆنی فرۆشتنی ماتۆڕسكیل كە لە رێنمایی ژمارە 2ی ساڵی 2021 دیاریكراوە و تەنها پێویستی بە گرێبەستی ئاسایی هەیە لە نێوان كۆمپانیای هاوردەكراو یان فرۆشیار لەگەڵ خاوەنی ماتۆڕسكیل.

5. ئەو فەرمانە بۆ ماوەی یەك ساڵ و لە 1-09-2021 تاوەكو 1-09-2022 كاری پێدەكرێت، تەنها ئەو ماتۆڕسكیلانە دەگرێتەوە كە پێش 1-09-2021 بە شێوازی فەرمی هاوردەكراون، بە مەرجێك مۆدێلەكانیان گونجاو بێت لەگەڵ رێنمایی ژمارە 7ی ساڵی 2021.


PM:04:26:06/09/2021