" مانگرتنی زیندانیانی بادینان گەیشتە مەترسیدارترین قۆناغ "

کۆمیتەی ماف و ئازادییەکان لە کوردستان و ئەوروپا رایگەیاند "مانگرتنی زیندانیانی بادینان گەیشتە مەترسیدارترین قوناغ و داوای بەھاناوەچون دەکەن".

لە راگەیاندنێکدا کۆمیتەی ماف و ئازادییەکان لە کوردستان و ئەوروپا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات " ماوەی ١٢ رۆژە بە دروشمی ( یان مردن یان ماف و ئازادی) ٨٢ چالاکوان و رۆژنامەنوسی بادینان لە زیندان دەستیان کردوە بە مانگرتن لە خواردن و لە ئێستادا دۆخیان مەترسیدارە".

هەروەها ئاشکرای دەکەن کە "ئەمرۆ لە دوانزەهەمین رۆژی مانگرتندا دۆخی تەندروستی رۆژنامەنوس ئەیاز کەرەم کە یەکێکە لە زیندانیانی بادینان لە زیندان تێکچوە و لە ھۆش خۆی چوە و تیمی تەندروستیش بەھانایەوە ناچن."

ئەو رێکخراوە ئەوەش دەخاتڕوو " تا ئێستا ٨٢ زیندانی بادینان کە ٧٧یان زیاتر لە ساڵێکە بێ دادگایی لە زیندانی ئاسایشی گشتی ھەولێر و چاکسازی گەورانن، لەئێستادا لەسەر مانگرتن بەردەوامن، دۆخی تەندورستی بەشێکیان زۆر خراپە و داوای مافە سەرەتاییەکان و ئازادبوونیان دەکەن".

کۆمیتەی ماف و ئازادییەکان لە کوردستان و ئەوروپا داوا لە ڕای گشتی، رێکخراوە ناوخۆیی و جیھانیەکان، لایەنە سیاسیەکان و نوێنەرانی وڵاتان دەکەن، بە ھانایانەوە بچن.



PM:10:20:18/09/2021