کۆمسیۆن: ئەو کەسانەی توشبووی کۆرۆنان لە رۆژی هەڵبژاردن مافی دەنگدانیان نابێت

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت" ئەو کەسانەی توشبووی کۆرۆنان و لە رۆژی هەڵبژاردندا چارەسەر وەردەگرن مافی دەنگدانیان نابێت". 

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" کۆمسیۆن لە رۆژی هەڵبژاردندا میکانیزمێکی تایبەت پەیڕەودەکات تایبەت بە سەلامەتی کارمەندان و دەنگدەران، کە ئەمە هەردوو دەنگدانی گشتی و تایبەتی دەگرێتەوە".

ڕوونیشیکردەوە: ئەو کەسانەی توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنان و لە نەخۆشخانەکاندا چارەسەر وەردەگرن یاخوود کەرەنتینە کراون، لە رۆژی مافی دەنگدانیان نابێت، بەهۆی ئەوەی سەرەکیترین مەرجی دەنگدان سەلامەتی گشتییە.

جومانە غەلای ئاشکراشیکرد: سەرجەم کەلوپەلەکانى خۆپارێزى و دانانى تیمى گەڕۆک لە سەرجەم بازنەکانى هەڵبژاردن بۆ چاودێریکردنى هەرحاڵەتێکى لەناکاو دابینکراوە. 

دەربارەی رێکارى خۆپارێزى تایبەت بە دەنگدەرانیش وتی" لە رۆژی دەنگدانیشدا هەر کەسێک پێش ئەوەی پەنجەمۆر بکات ماددەی پاکژکەرەوە بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشی، بەتایبەتیش کۆرۆنا". 

بڕیارە ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق بەڕێوەبچێت و تیایدا زیاتر لە ٢٥ ملیۆن دەنگدەر ٣٢٩ ئەندام پەرلەمان هەڵدەبژێرن.


PM:03:33:28/09/2021