ماکرۆن نامەیەک ئاڕاستەی سەرۆکی هەرێم دەکات

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" بەیانی ئەمڕۆ نامەیەکی سەرۆکی فەڕەنسا گەیشتە دەستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان". 

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە ئۆلیڤیێ دیکۆتینى، کونسوڵى گشتیى فڕەنسا لە هەرێمى کوردستان کرد، لە دیدارێکدا دیکۆتینى نامەیەکى ئیمانوێل ماکرۆن سەرکۆمارى فڕەنسای بە نێچیرڤان بارزانى گەیاند، لەنامەکەدا هاتووە، شەرەفمەند و خۆشحاڵم کە بە ناوى فڕەنسا و بە ناوى خۆمەوە سوپاسگوزارى پێشکەش بە جەنابتان بکەم بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەى لە هەولێر لە منتان کرد، وەک چۆن لە دیدار و کۆبونەوەکانى پێشترماندا لە بەغدا و پاریس، بەڵێنى سەردانى هەولێرم بە جەنابتان دابوو". 

سەرکۆمارى فەڕەنسا لەنامەکەیدا باسی لە پەیوەندییەکانی هەرێم و پاریس کردوە و نوسیویەتی" فەڕەنسا و هەرێمى کوردستان پەیوەندییەکى دێرین و بێهاوتایان هەیە کە دەبێت لە ئاستێکى بەرزدا ڕایبگرین. ئەم گیانى دۆستایەتى و متمانە و وەفادارییە لە کۆبونەوەکەماندا ڕەنگدانەوەى لەسەر دەوڵەمەندیى گۆڕینەوەى بیروبۆچونەکانمان هەبو، هەروەها بە دیدارم لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانى و خانەوادەى شەهید هوجام سورچى لە هەولێر، خوازیار بوم ئەم وەفادارى و دۆستایەتییە بەرز ڕابگرم". 

ئیمانوێل ماکرۆن ئەوەشی خستوەتەروو: دڵنیام هەرێمى کوردستان سودمەند دەبێت لەو پێشکەوتنانەى لە کۆنفرانسى بەغدا بۆ هەماهەنگى و هاوبەشى بەدەست هاتون، دڵنیاش بن فڕەنسا  لە دژى تیرۆر، هەروەها بۆ پەرەپێدانى پەیوەندیى ئابوری و کۆمەڵایەتى، لە پایەندیى خۆى لەگەڵ ئێوەدا، بەردەوام دەبێت.


PM:02:31:30/09/2021