وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ ڕۆژی دەنگدان قەدەغەی هاتووچۆ ڕادەگەیەنێت و دەڵێت" دەروازەی پارێزگاکان دادەخرێن و رێگە بە هاتووچۆی کەس و ئۆتۆمبێل نادرێت لە کاتژمێر 01:00 لە 10ی تشرینی یەکەمی 2021 تاوەکو کاتژمێر 6:00ی رۆژی 11ی هەمان مانگ".
بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق، کە ئاراستەی هەریەكە لە فەرماندەیی هێزەکانی سنوور، فەرماندەیی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی وزە و بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی کراوە، رۆژی یەکشەممە 19ی ئەیلوولی 2021 لە سەنتەری ئۆپەراسیۆنەکانی لیژنەی هەڵبژاردنەکان لە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کۆنگرەیەک کراوە، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی رێکارەکان و کاری هێزە ئەمنییەکان لە داهاتوودا و تەواوکردنی پلانی هەڵبژاردن و ژمارەی ناوەندەکانی دەنگدان.
دەقی بڕیارەكانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق:
– داخستنی دەروازە سنوورییەكان لە كاژێر 21:00ی رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2021 تاوەكو كاژێر 6:00ی رۆژی 11ی تشرینی یەكەمی 2021.
– فڕۆكەخانەكانی (بەغدا، هەولێر، سلێمانی، نەجەف و بەسرە) لە كاژێر 21:00ی رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2021 دادەخرێن تاوەكو كاژێر 6:00ی رۆژی 11ی هەمان مانگ.
– دەروازەی پارێزگاكان دادەخرێن و رێگە بە هاتووچۆی كەس و ئۆتۆمبێل نادرێت لە كاژێر 01:00 لە 10ی تشرینی یەكەمی 2021 تاوەكو كاژێر 6:00ی رۆژی 11ی هەمان مانگ.
– قەدەخەكردنی هاتووچۆی ماتۆڕسكیل و توكتوك و بارهەڵگر، ئەوانەی زیاتر لە دوو تۆن بار دەكەن، بە هەموو جۆرەكانیەوە لە نێوخۆی شارەكاندا، لە كاژێر 01:00ی رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی 2021 تاوەكو كاژێر 6:00ی رۆژی 11ی هەمان مانگ.
– داخستنی سەرجەم شوێن و چێشتخانە و مۆڵەكان جگە لە (دەرمانخانە، شوێنەكانی فرۆشتنی خۆراك، بازاڕەكانی فرۆشتنی سەوزە و میوە و نانەواخانەكان) لە كاژێر 01:00ی 10ی تشرینی یەكەمی 2021 بۆ كاژێر 6:00ی رۆژی 11ی هەمان مانگ، هەر كەسێك سەرپێچی بكات دەستگیر دەكرێت.
سەرجەم هێزە ئەمنییەكان لە وەزارەتی ناوخۆ دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواو (جیم)، سەرجەم مۆڵەت و خولەكان دەوەستن لە 11ی تشرینی یەكەمی 2021 لە كاژێر 6:00 تاوەكو كاتێكی نادیار.
– قەدەخەكردنی سەرجەم كۆبوونەوەی مرۆیی بە هەموو شێوەیەك، لە كاژێر 06:00 لە رۆژی 7ی تشرینی یەكەمی 2021 تاوەكو كاژێر 06:00ی رۆژی 13ی هەمان مانگ، ئەوەی سەرپێچی بكات دەستگیردەكرێت.
– فەرمانگەكانی تەندروستی و خزمەتگوزارییەكان لەو رێكارانە بەدەرن.
– داوا لە هاووڵاتییان كراوە كە مۆبایلەكانیان بدەنە خاڵی پشكنین لە دەرگای ناوەندی دەنگدان و رێگە بە هیچ هاووڵاتییەك نادرێت مۆبایل بباتە ناوەندەكانی دەنگدانەوە.
– بە هەموو شێوەیەك هەڵگرتنی چەك و ئامێری برینداركەر قەدەخەیە لەنێو ناوەندەكانی دەنگدان و بە شێوەیەكی گشتی و بە رەهایی، جگە لە دەزگا ئەمنییەكان نەبێت، كە بە پاراستنی ناوەندەكانی دەنگدان راسپێردراون.
– قەدەخەكردنی بەكارهێنانی فڕۆكەی درۆن بۆ وێنەگرتن و مەبەستی مەدەنیی دیكە، هێزە ئەمنییەكان تێكیدەشكێنن و رێكای یاسایی لە بەرامبەر ئەنجامدەرانیان دەگیرێتەبەر.
– هێزە ئەمنییەكان هەر كەسێك دەستگیردەكەن و تەواوی رێكارە یاساییەكانی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، ئەگەر ئەوانەی باسكراون پێشێل بكات و رەوانەی دادگای دەكات.