سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکانی عێراق رادەگیرێن


دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق بەبۆنەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقەوە، سەرجەم گەشتەکانی پێنج فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیەکەی عێراق بۆ ماوەی سێ رۆژ رادەگیرێن.

لە راگەیەندراوێکدا، دەستەی فڕۆکەوانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، "بەبۆنەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقەوە، تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی بەغدا، نەجەف، بەسڕە، هەولێر و سلێمانی لە رۆژی نۆی تشرینی یەکەمەوە تا رۆژی ١١ی تشرینی یەکەم رادەگیرێن."

لە راگەیەندراوەکێدا، دەستەی فڕۆکەوانی عێراقی رایگەیاند لە کاتژمێر نۆی شەوی تشرینی یەکەم، واتە رۆژێک پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە، تا کاتژمێر شەشی سەر لە ئێوارەی رۆژی ١١ی تشرینی یەکەم، تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی ئەو پێنج فڕۆکەخانەیە رادەگیرێن کە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانیش دەگرێتەوە.

هەر ئەمڕۆش، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیاریدا، لە کاتژمێر ١ی رۆژی ١٠ی ١٠ تاوەکو کاتژمێر ٦ی رۆژی ١١ی هەمان مانگ، دەروازەی پارێزگاکانی عێراق دابخرێن و رێگە بە هاتوچۆی هاوڵاتییان و ئۆتۆمبێل نەدرێت.

رۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پێشوەختە لەسەرانسەری عێراق ئەنجام دەدرێت.



PM:10:33:30/09/2021