پەیامنێرانی بێسنور و سەنتەری میترۆ داوای ئازادكردنی رۆژنامەنوسانی ناوچەی بادینان دەكەن

په‌یامنێرانی بێسنور و سه‌نته‌ری میترۆ داوا له‌ به‌رپرسانی هه‌رێم ده‌كه‌ن پێنج رۆژنامه‌نوسه‌ ده‌ستگیركراوه‌كه‌ی بادینان ئازاد بكه‌ن كه‌ له‌ئێستادا (سێ) كه‌سیان مانیان له‌ خواردن گرتوه‌ و دۆخی ته‌ندروستیان ناجێگیره‌.

رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور ئەمڕۆ هەینی، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژنامەنوسانی سزادراو شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گۆهدار زێباری، لە رۆژی ٦ی مانگی رابردوەوە وەك ناڕەزایەتییەك دژبە دۆخی زیندان، مانیان لە خواردن گرتوەو چونەتە پاڵ مانگرتنی زۆربەی دەستگیركراوانی بادینان كە ژمارەیان ٨٢ كەسە.

ئەوەشی خستەڕوو: دوای ئەو ماوەیە لە مانگرتن، ئێستا دۆخی تەندروستی هەندێك لە دەستگیركراوان جێی نیگەرانییە، بەتایبەت دۆخی ئەیاز كەرەم كە بەپێی راپۆرتەكان لەهۆش خۆی چوەو چارەسەریی پزیشكی گونجاویشی پێ ناگات.

رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەشکردووە: ئەو سێ رۆژنامەنوسە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا سزای شەش ساڵ زیندانیان بەتۆمەتی "سیخوڕیكردن" بەسەردا سەپێنراوەو شێروان شێروانی كە یەكێكیانە چەندین جار ئیدانەی ئەوەی كردوە كە لەژێر ئەشكەنجەدا بەزۆر دانپێدانانی لێوەرگیراوە.

هەروەك رێكخراوەكە باسی لەوەش كردوە: كە رۆژی ٢٣ی مانگی رابردو، دادگای هەولێر سزای ساڵێك زیندانی بەسەر رۆژنامەنوس ئومێد بەرۆشكی-دا سەپاندوە بە تۆمەتی "تەشهیر"، لەكاتێكدا ناوبراو لە مانگی ئابی ساڵی رابردوەوە دەستگیركراوە، بەوجۆرە واتە ئێستا ساڵی دوەمی لە زیندان بەسەردەبات.

هاوکات ئاماژەی بەوەشداوە: كە لە مانگی حوزەیران رۆژنامەنوس قارەمان شوكری، بە حەوت ساڵ زیندانی سزادراوە بەبێ ئەوەی تۆمەتێكی رەسمی روبەڕوبكرێتەوە كە لەمانگی كانونی دوەمی ئەمساڵ لەسەر بڵاوكردنەوەی نوسینی رەخنەگرانە دەستگیركراوە.

سابرین ئەلنەوی، بەرپرسی نوسینگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور رایگەیاندوە" داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەكەین دەستبەجێ ئەو پێنج رۆژنامەنوسە ئازادبكەن كە تۆمەتی هەڵبەستراویان ئاڕاستەكراوەو بۆ دانپێدانان روبەڕوی ئەشكەنجە بونەتەوەو ئێستاش سێ لەو رۆژنامەنوسانە بەهۆی مانگرتنیانەوە روبەڕوی مەترسی بونەتەوە". 

لای خۆشیەوە دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ، وێڕای داوای ئازادكردنی ئەو رۆژنامەنوسانە دەڵێت" توندكردنی رۆژنامەنوسان لە زیندانداو بەكارهێنانی توندوتیژی دژی دەستگیركراوان، كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر ناوبانگی دیموكراتی لە هەرێمی كوردستان جێدەهێڵێت". 


PM:03:03:01/10/2021