سەرۆکی هەرێم داوای یەكهەڵوێستی لە هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، مێژوو شاهێدە پارتی بەهیچ شێوەیەک غەدر و سەپاندن قبووڵ ناکات، بەڵام بە نەرمی و لە پێناو کوردستاندا پارتی ئامادەیە لە بەشی خۆی بداتە هاوپەیمانەکانی، دەشڵێت" ئەو سەردەم و ڕۆژگارە بەسەرچوو کە لایەنەکان بە هێرشکردنە سەر پارتی و پەلاماردانی دەنگ کۆبکەنەوە".   

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان گەیشتە شاری سلێمانی و  لە میانەی بەشداریكردنی لە رێورەسمی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی حیزبەكەی  ڕایگەیاند" کوردستان نموونەی پێکەوەژیانە لەگەڵ پێکهاتەکان و ئایین و نەتەوەکانی تر، نابێت ئەو جیاکارییە لە نێوان خۆماندا بمێنێت و وەک کورد، وەک خەڵکی یەک شار و ناوچە دەبێت ئەو جیاکارییە لە ناو ئێمەدا بە هیچ شێوەیەک نەمێنێت".  

لە میانی قسەکانیدا جێگری سەرۆکی پارتی پەیامێکی ئاڕاستەی لایەنە سیاسییەکان کرد و وتی" بە هەموو لایەنە کوردستانییەکان دەڵێین، ئێستا کاتی گونجاوە بە یەک بەرنامە و ستراتیژیی هاوکارییەکی راستەقینە لەگەڵ عێراقییەکاندا دروستبکەین لە پێناو جێبەجێکردنی دەستووری عێراق و نەهێشتنی بێبەشکردنی کوردستان لە ماف و بەشەبودجەکەی لە عێراقدا". 

لە بەشێکی دیکەی پێشکەشکردنی وتارەکەیدا نێچیرڤان بارزانی جەختیشیکردەوە: پارتی سلێمانی فەرامۆشنەکردووە، پارتی و سلێمانی پێکەوەبەستراون، پارتی و سلێمانی پێکەوە جوانن و بە دڵنیاییەوە پارتی و سلێمانی پێکەوە سەردەکەون.   

سەرۆکی هەرێم لەبارەی دۆخی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ئاماژەی بەوەکرد" ئێستا لایەنە عێراقییەکان بۆ بەدەستهێنانی دەنگ دژایەتی کوردستان ناکەن، چونکە دوای خۆپێشاندانەکان خەڵکی عێراق تێگەیشت کێشە و نەبوونی خزمەتگوزاری لە شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق پەیوەندی بە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە خراپ بەڕێوەبردنی دەسەڵات هەیە لەلایەن ئەو حیزبانەی کە دەسەڵاتیان لەو سنوورەدا هەیە، هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش وایە، ئیتر ئەو سەردەمە بەسەرچوو کە هیچ لایەنێک بیەوێت بە هێرشکردن و پەلاماردانی پارتی لەو ناوچەیە دەنگ کۆبکاتەوە".   

بڕیارە ڕۆژی ٨ی تشرینی یەکەم دەنگدانی تایبەت و ڕۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتووش دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق بەڕێوەبچێت و تیایدا زیاتر لە ٢٥ ملیۆن دەنگدەر ٣٢٩ ئەندام پەرلەمان هەڵدەبژێرن.


PM:12:52:06/10/2021