وەزارەتى خوێندنى باڵا کرێى خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکان کەمدەکاتەوە

وەزارەتى خوێندنى باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر کرێى خوێندنی خوێندکاران لە زانكۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکان ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت" بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دارایی هاووڵاتیان، کرێى خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکان کەمکرایەوە".

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی خوێندنی باڵا: 

بەلەبەرچاوگرتنى بارودۆخى دارایى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى کوردستان بەڕێژەى (٤٥%) لەگشت قۆناغەکانى خوێندنى بەرایى و خوێندنى باڵا (پارالێل - ئێواران)، هەروەها کرێى خوێندنى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەپێى ئەنجامەکانى ڕێزبەندى نیشتیمانى، بەڕێژەى (١٠ بۆ ٢٠ %) بۆ سەرجەم قۆناغەکانى خوێندن کەمکردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەمە ڕێکەوتى (2021/10/7) بەئیمزاى د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە دوو فەرمانى جیادا بڕیاردرا بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان.

لە لێدوانێکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: هەرێمى کوردستان بە بارودۆخێکى تایبەت گوزەر دەکات بە شێوەیەک پێویستە هەموان ڕەچاوى بارو گوزەرانى دارایى خەڵکى خۆمان بکەین و لە هەمان کاتیشدا بتوانین هەلى خوێندن بۆ قوتابیان و خوێندکارى هەرێمەکەمان دەستەبەر بکەین، لەو چوارچێوەیەشدا وتى: بۆ ئەوەى روحیەتى کێبڕکێى زانستى لە دامەزراوە ئەکادیمیەکان بپارێزین و بە لەبەرچاوگرتنى باوردۆخى هاوڵاتیان بڕیارماندا بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکان.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: ئامانجى وەزارەتەکەمان لە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بە لەبەر چاوگرتنى بارى دارایى هاوڵاتیانى کوردستان و ڕەخساندنى هەلى زیاترى خوێندن و پەرەپێدانى تواناکانى گەنجانی هەرێمەکەمانە، لەهەمان کاتدا ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی سەرمایەی نیشتیمانی و بەکارهێنانی لە گەشەپێدانی زانکۆکان.
کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکان بەم شێوەیە دەبێت:

زانکۆ حکومییەکان:

داشکانى ڕێژەى (٤٥%) لە کرێى خوێندنى (پارالێل) و (ئێواران)ى گشت قۆناغەکانى خوێندنى بەرایى و خوێندنى باڵا لە سەرجەم زانکۆ حکومییەکان و دامودەزگاکانى ترى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢١-٢٠٢٢).

زانکۆ تایبەتەکان:

بەپێى ئەنجامەکانى ڕێزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان دەبێت بەم شێوەى خوارەوە:

- ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى B، بەڕێژەى (١٠%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.

- ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى C، بەڕێژەى (١٥%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.

- ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى D، بەڕێژەى (٢٠%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.

- سەرجەم پەیمانگە تایبەتەکان و کۆلێژە زانکۆییەکان بەڕێژەى (٢٠%) کرێى خوێندنیان کەمدەکرێتەوە.


PM:07:08:07/10/2021