وێنە.. پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد

کاتژمێر ٧:٠٠ی بەیانی ئەمڕۆ هەینی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە سەرتاسەری عیراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

بەیانی ئەمڕۆ هەینی ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، كە هێزە ئەمنییەكان‌ و زیندانیان‌ و نەخۆشە داخیلكراوەكانی نەخۆشخانە و ئاوارەكان دەگرێتەوە.

بەپێی ئەو داتایانەی کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردوەتەوە، ئەمڕۆ یەک ملیۆن و ٧٥ هەزار و ٧٢٧ کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە، لە زیندانەکانیشدا ٦٧١ کەس و ئەو ئاوارانەشی لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق تۆمارکراون و مافی دەنگدانیان هەیە لە ١٧ پارێزگا دەنگ دەدەن و ژمارەیان ١٢٠ هەزار و ١٢٦ کەسە.

هاوکات لە هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە ٣٣١ هەزار کەس دەنگدانی تایبەت دەیانگرێتەوە و ١٢٢ بنکەی دەنگدان بۆ هێزە ئەمنییەکان تەرخانکراوە، ٥٢ بنکە لە هەولێر، ٤١ لە سلێمانی و ٢٩ بنکەش لە دهۆک.


AM:08:41:08/10/2021