کۆمسیۆن سەرکەوتنی پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی راگەیاند


سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بەسەرکەوتویی کۆتاییهات و هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی تۆمارنەکرا.

دوای کاتژمێر ٧ ی ئەم ئێوارەیە، جەلیل عەدنان خەلەف، سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا لەگەڵ سەرکەوتنی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت راشیگەیاند" وادەی دەنگدان درێژ ناکرێتەوە".

هەروەها سەرۆکی کۆمسیۆن ئاشکراشی کرد کە ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لەگەڵ هەڵبژاردنی گشتیدا رادەگەیەنرێت.

جەلیل عەدنان خەلەف، سوپاسی هێزە ئەمنییەکان و کارمەندانی کۆمسیۆن کرد کە کارەکانیان بە سەرکەوتووی ئەنجامداوە.

هاوکات ئەوەشی وت" گرفتی ئیداری و هونەری لەچەند پارێزگایەک بۆ ماوەیەک پرۆسەی دەنگدانی دواخستوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پرۆسەکە سەرکەوتو بووە".

جەلیل عەدنان خەلەف سەرۆکی کۆمسیۆن ئەوەشی راگەیاند" بەئامانجی رەوینەوەی گومانی ئەو لایەنانەی کە گومانیان لەدروستی سیستەمی هەژمارکردنی ئەلیکترۆنی کۆمسیۆن هەیە لەهەر بنەکەیەک وێستگەیەک بە دەست دەژمێردرێتەوە".



PM:08:11:08/10/2021