نێچیرڤان بارزانی و جنین پلاسخارت کۆبوونەوە

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتيى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق كۆبووه‌‌وه و باسیان لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجامەکانی کرد. 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ جێنين پلاسخارت، نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، كۆبووه‌وه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عيراق و ئه‌نجامه‌كانى، دۆخى عيراق به‌گشتى و پێشبينييه‌كان بۆ داهاتووى پرۆسه‌ى سياسى له‌ وڵات، لەنێوان نێچیرڤان بارزانی و جنین پلاسخارت تاوتوێ كران.

ئەوەش خراوەتەڕوو: هه‌ردوولا هيوايان خواست ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن، دامه‌زراندنى حكومه‌تێكى لێ بكه‌وێته‌وه‌ كه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى خواست و هيوا و چاوه‌ڕوانييه‌كانى ته‌واوى پێكهاته‌كان بێت و ئارامى و سه‌قامگيرى و خزمه‌تگوزارى بۆ عيراقييه‌كان دابين بكات. 

دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە: سەرۆکی هەرێم و پەیکی تايبه‌تى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عيراق هاوڕا بوون كه‌ پێويسته‌ هه‌ر تانه‌ و تێبينييه‌ك له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن، به‌ ڕێكاره‌ ياسايييه‌كان يه‌كلا بكرێنه‌وه. 

نێچيرڤان بارزانى، سوپاسی پلاسخارت و نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عيراق - يونامى-ی كرد بۆ رۆڵى به‌رچاويان له‌ چاودێريكردنى پرۆسه‌ى ده‌نگدان و يارمه‌تيدان و پشتگيريكردنى عێراق.


PM:02:54:15/10/2021